هەولێر.. رۆژانه‌ زیاتر له‌ هه‌زار پشكنینی كۆرۆنا ده‌كرێت

داوایان لێ دەكرێت ئەوانەی بە قورسی نیشانەكانیان هەیە چارەسەری پزیشكی وەربگرن

K24- هەولێر:

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی 18 شوباتی تایبەت بە تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاماژە بەوە دەدات، ژمارەیەك لەو كەسانەی كە پشكنینەكانیان پۆزەتیڤ دەردەچێت، سەردانی نەخۆشخانەكان ناكەن و وەڵامی پەیوەندی تەلەفۆنیش نادەنەوە، ئەمەش وادەكات دۆخی تەندروستی خۆی و كەس و كاریشیان بخەنە مەترسیەوە، بۆیە داوا لەو كەسانە دەكات، ئەگەر بە قورسی نیشانەكانیان لێ دەركەوتووە، بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەكان بكەن و ژیانی ئازیزانییان نەخەنە مەترسییەوە.

مەرج نیە هەموو ئەو کەسانەی پشکنینەکانیان پۆزەتیڤ دەردەچێت بە قورسی تووشی ڤایرۆسەکە بووبن، ئەگەر ئەو کەسانەی نیشانەکانیان لێ بەدەرنەکەوتوون دەتوانن لەماڵەکانیان بمێننەوە، بەو مەرجەی وەك گوتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی دەڵێت: رێنماییەکان جێبەجێ بکەن.

رۆژانە ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەڵکشاندایە، بەهەمان شێوە ئاماری گیان لەدەستدانیش بەهۆی پەتاكە لە بەرزبوونەوەدایە، وەزارەتی تەندرووستیش ئاماژە بەوە دەدات، تاکە چارەسەر تەنیا خۆپارێزی هاووڵاتیانە.

H.B