چرۆ شەریف: نووسراوی تایبەت بە کردنەوەی بەڕێوه‌بەرایەتی و فەرمانگەکانی هەڵەبجە ئاراستەی حكوومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین

نوێنەری پارێزگای هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، سبەی نووسراوی تایبەت بە کردنەوەی بەڕێوبەرایەتی و فەرمانگەکانی پەیوست بە پارێزگابوونی هەڵەبجە ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دەکەین.

دووشەممە 14ـی نیسانی 2025، چرۆ شەریف، په‌رله‌مانتاری عێراق و نوێنەری پارێزگای هەڵەبجە بە دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24ـی لە بەغدا گوت، ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکەی عێراق نەیان دەویست دەنگ بە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدەن، بەڵام بەهۆی یەکڕێزی فراکسیۆنە کوردییه‌کان توانرا ئەم پرۆژەیاسایە پەسەند بکرێت.

چرۆ شەریف گوتیشی: چەندین جار لە پرۆژەیاساکانی دیكه‌ لەگەڵ پەرلەمانتارەکانی دیکەی عێراق بوونە، بەڵام ئەمڕۆ ژمارەیه‌ک لەو پەرلەمانتارانە پشتیان تێ کردین، بۆیە دەبێت لەمەودوا بە خۆماندا بچینەوە.

نوێنەری پارێزگای هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەشی دا، سبەی نووسراوی تایبەت بە کردنەوەی هەموو ئەو بەڕێوبەرایەتی و فەرمانگانەی پەیوستن بە پارێزگاربوونی هەڵەبجە ئارستەی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حكوومه‌تی فیدراڵی عێراق دەکەین.

پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممە، 14-04-2025، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسەند کرد.

له‌م باره‌وه‌، شوان کەلاری، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24ـی گوتی: ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە، هەموو ڕاگەیاندراوەکان دەربارەی یادی ئەنفالمان نەخوێندەوە، تەنیا بۆ ئەوەی کێشە و بیانوو دروست نەبێت.

گوتیشی: پارێزگای هەڵەبجە وەک هەر 18 پارێزگای دیکە هەڵەبجە سوودمەند دەبێت لە سەرجەم مافەکان کە حکوومەتی عێراق هەیەتی بەرانبەر پارێزگاکان.

هاوکات سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ کوردستان24 گوتی:  پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی دەکەم بەبۆنەی بوونی هەڵەبجە بە 19 هەمین پارێزگای عێراق، چونکە وەک یەکەم کەس بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی پێشنیازکرد لەپێناو خزمەتکردنی خەڵکی هەڵەبجە، هاوکات پیرۆزبایی لە تاک بە تاکی خانەوادەی شەهیدانی هەڵەبجە و خەڵکی هەڵەبجە دەکەم

دووشه‌ممه‌، 14ـی نیسانی 2025، شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق سوپاسی هه‌موو فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانی كرد بۆ پشتیوانیكردنی پرۆژه‌یاساكه‌ و تێپه‌ڕاندنی له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌.

شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، هه‌ندێك له‌ فراكسیۆنه‌كان ئاسته‌نگیان دروست ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی پرۆژه‌كه‌ تێنه‌په‌ڕێندرێت، به‌ڵام دوای هه‌وڵێكی زۆر توانرا ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ هه‌ڵبگرن، به‌تایبه‌ت كه‌ هه‌وڵ ده‌درا به‌ پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ و قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر بكرێته‌ یه‌ك پاكێج.

شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا جه‌ختیشی كرده‌وه‌، پاساوی هه‌ندێك له‌ فراكسیۆنه‌ عێراقییه‌كان له‌گه‌ڵ ئاستی قوربانییانی هه‌ڵه‌بجه‌ یه‌ك ناگرێته‌وه‌، چونكه‌ بابه‌تی هه‌ڵه‌بجه‌ بابه‌تێكی مه‌عنه‌وییه‌ و په‌سندكردنی پرۆژه‌یاساكه‌ كه‌مترین وه‌فایه‌ به‌رانبه‌ر به‌ قوربانییانی هه‌ڵه‌بجه‌.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment