ماكرۆن: دوو دەوڵەتی فەڵەستین و ئیسرائیل تاکە چارەسەری سیاسییە

سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، دامەزراندنی دوو دەوڵەتی تایبەت بە فەڵەستین و ئیسرائیل تاکە چارەسەری سیاسییە لە ناوچەکە؛ دەشڵێت، دەبێت چاکسازی لە حکوومەتی فەڵەستین بکرێت و حەماس لە چەک دابماڵرێت.

دووشەممە 14ـی نیسانی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا قسەی لەگەڵ مەحموود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین کرد.

لە پەیوەندییەکەدا، سەرۆکی فەرەنسا، داوای لە سەرۆکی فەڵەستین کرد دوای شەڕی ئیسرائیل و حەماس دەبێت چاکسازی لە حکوومەتی فەڵەستین بکرێت. دەشڵێت، دەبێت حکوومەتێک بێت، حەماس لە خۆ نەگرێت.

ئاماژەشی داوە، لووتکەیەک بە هاوبەشی فەرەنسا و سعوودیە لە مانگی حوزەیران بەڕێوە دەچێت کە تایبەت دەبێت بە دامەزراندنی دوو دەوڵەتی فەڵەستین و ئیسرائیل، دەشڵێت: ئەوە تاکە چارەسەری سیاسییە بۆ ناوچەکە.

ماکرۆن جەختیش دەکاتەوە کە دەبێت دەستبەجێ هەموو زیندانی و بارمته‌كان ئازاد بکرێن و هاوکاری مرۆییەکان و ئاگربەستی غەززە دەست پێ بکاتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە 13ـی نیسانی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا لەبارەی هەڵوێستی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆ ناساندنی دەوڵەتی فەڵەستین ڕایگەیاندبوو، سەرۆکی فەرەنسا هەڵەیەکی زۆر گەورە دەکات کە بەردەوام هانی بونیادنانی دەوڵەتی فەڵەستین لە نێو جەرگەی ئیسرائیل دەدات؛ گوتیشی: ئەو هەڵوێستە مەبەستی شاراوەی ئەو بەرانبەر ئیسرائیل پێشاندەدات.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەشی دابوو، دەوڵەتی فەڵەستین دەبێتە هۆی لەناوبردنی ئیسرائیل، بۆیە دەوڵەتێک قبووڵ ناکەین کە مەترسی لەسەر بوونیان دروست بکات.