یەکێتیی ئەورووپا بۆ هاوکاریی حکوومەتی فەڵه‌ستین مەرجی هەیە

کۆمیساری ئەورووپا بۆ کاروباری دەریای ناوەڕاست ڕایگەیاند، یەکیتیی ئەورووپا هاوکاریی حکوومەتی فەڵەستین دەکات، بەڵام بەو مەرجەی چاکسازی لە حکوومەتەکه‌ بكه‌ن. 

دووشەممە 14ـی نیسانی 2025، دوبراڤکا سویکا، کۆمیساری ئەورووپا بۆ کاروباری دەریای ناوەڕاست بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، یەکێتیی ئەورووپا بە بەهای ملیارێک و 600 ملیۆن یۆرۆ لە ماوەی سێ ساڵدا هاوکاریی حکوومەتی فەڵەستین ده‌کات.

کۆمیساری ئەورووپا جەختیش دەکاتەوە، ئەو پاڵپشتییە دارایییانە پەیوەستە بە چاکسازیی حکوومەتی فەڵەستین، چونکە بەوە تۆمەتبار کراوە کە گەندەڵییەکی زۆر لە حوکمڕانییەکەیدا هەیە.

گوتیشی: داوایان لێ دەکەین چاکسازی بکەن، چونکە بەو شێوەیەی ئیستا ناتوانن بەهێز بن، هاوکات نابنە هاوبەشێکی جێێ متمانەی ئێمەو و تەنانەت ئیسرائیلیش.

ئەم لێدوانەی کۆمیساری ئەورووپا بەر لە کۆبوونەوەی شاندی باڵای فەڵەستین بە سەرۆکایەتیی محەممەد مستەفا، سەرۆک وەزیرانی فەڵەستین لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپایه‌.

سویکا ئاماژەی بەوەش کرد، پاکێجی پاڵپشتی یەکێتی ئەورووپا بریتییە لە 620 ملیۆن یۆرۆ بۆ هاوکاری دارایی و چاکسازی لە دەسەڵاتی فەڵەستین دەبێت، هاوکات 576 ملیۆن یۆرۆی دیکە بۆ بووژانەوە و بونیاتنانەوەی کەرتی ڕۆژئاوا و غەززە دەبێت و 400 ملیۆن یۆرۆش وەک قەرز لە بانکی وەبەرهێنانی ئەورووپا دەدرێتە فەڵەستین.

هەر ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی نیسانی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا داوای لە سەرۆکی فەڵەستین کردبوو، دوای شەڕی ئیسرائیل و حەماس دەبێت چاکسازی لە حکوومەتی فەڵەستین بکرێت. گوتیشی، دەبێت حکوومەتێک بێت، حەماس لە خۆ نەگرێت.