نوخشە ناسیح: کار بۆ قەرەبووکردنەوە و بەرزکردنەوه‌ی مووچەی کەسوکاری شەهیدانی هه‌ڵه‌بجه‌ دەکەین

پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت ڕایگەیاند، له‌ هەنگاوی داهاتوویان کار بۆ بەدەستهێنانی ماف و شایستە دارییەکانی تایبەت به‌ قەرەبووکردنەوە و بەرزکردنەوەی مووچەی کەسوکاری شەهیدان و پەرەپێدانی پارێزگای هەڵەبجە دەبێت.

دووشەممە 14ـی نیسانی 2025، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت بە کوردستا24ـی گوت، دوای بڵاوبوونەوەی بڕیاری بە پاڕێزگاربوون لە ڕۆژنامەی وەقائیع، هاوشانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕێکارە ئیدارییەکان دەگرینە بەر، بۆ ئەوەی هەموو مافەکانمان و شایستە داریییه‌كانی تایبەت به‌ قەرەبووکردنەوە و بەرزکردنەوەی مووچەی کەسوکاری شەهیدان و پەرەپێدانی پارێزگای هەڵەبجە بەدەست بهێنین.

پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت گوتی، پێشتر لە ساڵی 2022 وەزارەتی پلاندانانی عێراق هەندێک لە ڕێکارەکان گراونەتەبەر و لە نەخشەی عێڕاق وەکوو 19ـمین پارێزگار ئاماژە بە هەڵەبجە کراوە، دەشڵێت: دوای فەرمانی وەزاری ئەنجوومەنی وەزیران ئەو ڕێکارانە دەچنە واری جێبەجێکردنەوە.

نوخشە ناسیح ئاماژەشی دا، هەڵوێستی فراکسیۆنە کوردەکان بۆ بەشداری نەکردنی دانیشتی پەرلەمانیان تاوکوو پرۆژەیاسای هەڵەبجە دەنگی لەسەر نەدرێت جێگای ڕێزە. گوتیشی: هیوادارم هەڵوێستی ئەمڕۆی فراکسیۆنە کوردییەکان ببێتە هه‌وێنێک بۆ یەکگرتنی سەرجەم لایەنە کوردییەکان لە هەموو پرسە ناوخۆی و جیهانییەکان.

پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممە، 14-04-2025، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسەند کرد.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment