عراقچی بەر لەوەی بۆ گه‌ڕی دووه‌می دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا بچێتە ڕۆما، دەچێتە مۆسکۆ

وەزیری دەرەوەی ئێران بەرلە بەڕێوەچوونی قۆناغی دووەمی دانوستان لەگەڵ واشنتن دەچێتە ڕووسیا و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆ دەبێتەوە، بڕیاریشە لەبارەی دانوسوتانەکانی مەسقەت ڕاوێژ بە بەپرسانی مۆسکۆ بکات.

دووشەممە 14ـی نیسانی 2025، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، لە کۆتایی ئەم هەفتە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی سەردانی مۆسکۆ دەکات. گوتیشی: ئەو سەردانە دەرفەتێک دەبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا باس لە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ شاندی ئەمەریکا بکەن.

لای خۆشیەوە ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا دووپاتی کرده‌وە، کە عەباس عراقچی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا کۆ دەبێتەوە.

تاوەکوو ئێستا بە فەرمی شوێنی دانوستانەکە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتالیا ڕایگەیاند، بۆ پێشوازیکردنی شاندی دانوستانی ئێران و ئەمەریکا وەڵامیان بە ئەڕێنی داوەتەوە. 

هاوکات هەر ئەمڕۆ 14ـی نیسانی 2025، عراقچی بە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گوت، گه‌ڕی دووه‌می دانوستانه‌كانیان له‌گه‌ڵ شاندی ئه‌مه‌ریكی له‌ ئایینده‌یه‌كی نزیك له‌ ڕۆمای پایته‌ختی ئیتاڵیا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

هەروەها پێشتر دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا کرێملن ڕایگەیاندبوو، پێشوازیی لە دانوستانی ئێران و ئەمەریکا کردبوو و هانی هەردوو لای دابوو بە شێوەییەکی دیبلۆماتییانە کێشەکانیان چارە بکەن، ئاماژەشی دابوو، هەر کردەوەیەکی سەربازی کارەساتێکی جیهانی لێ دەکەوێتەوە.

ڕۆژی شەممە  12ـی نیسانی 2025، شاندی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عراقچی بە نێوەندگیری عوممان لە مەسقەت کۆ بوونەوە.

هاوکات هەر یەک لە ئێران و ئەمەریکا کۆبوونەوەکەیان بە ئەرێنی وەسف کرد، ئاماژەیان دا شەممەی داهاتوو قۆناغی دووەمی دانوستانەکە بەڕێوە دەچێت.