فەرەنسا: ده‌بێت دڵنیا بین دانوستانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئێران له‌گه‌ڵ بەرژەوەندییەکانی ئەورووپا دەگونجێت

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند، لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەورووپا لە نزیکەوە چاودێریی دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا دەکەن.

دووشەممە 14ـی نیسانی 2025، یان نۆئێل بارۆت، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند، پێشوازیی لە دانوستانی شاندی ئەمەریکا و تاران لە مەسقەت دەکەین.

هەروەها ئاماژەشی دا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە نزیکەوە چاودێریی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران دەکەن، بۆ ئەوەی دڵنیا بن لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەورووپا دەگونجێت.

ڕۆژی شەممە  12ـی نیسانی 2025، شاندی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عراقچی بە نێوەندگیری عوممان لە مەسقەت کۆ بوونەوە.

هاوکات هەر یەک لە ئێران و ئەمەریکا کۆبوونەوەکەیان بە ئەرێنی وەسف کرد، ئاماژەیان دا شەممەی داهاتوو قۆناغی دووەمی دانوستانەکە بەڕێوە دەچێت.

بەگوێرەی میدیاکان، بڕیارە گەڕی دووەمی دانوستانەکانی هاردووک شاندی ئێران و ئەمەریکا لە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا بەڕوەبچێت.