ئەمەریکا: ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ڕێککەوتن نزیکن

نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا گەیشتوونەتە خاڵێک کە زیاترە لە ئاگربەست، ئەویش کۆتاییهێنانی هەمیشەیی شەڕی ئۆکرانیایە.

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ فۆکس نیوز ڕایگەیاند، ڤلادیمێر پوتین، ئامادەیە ڕێککەوتن لەسەر ئاشتی هەمیشەیی ئۆکرانیادا بکات و کۆتایی بە شەڕی سێ ساڵە لەگەڵ ئەو وڵاتە بهێنێت.

ویتکۆف ئاماژەشی دا، ئەوان لە ڕێککەوتن نزیکن، لەو بارەیەوەش هەردووک ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی ڕووسیا، کۆبوونەوەیەکی گرنگیان کردووە.

نێردەی دۆناڵد ترەمپ گوتیشی: "پوتین داوا دەکات شەڕەکە بۆ هەمیشە ڕابوەستێت، ئەمەش  زیاترە لە ئاگربەست، لێشتان ناشارمەوە زۆری خایاند تاوەکوو بگەینە ئەو خاڵە."

باسی لەوەش کرد" لام وایە دەرفەتێک بۆ دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا لەڕێگەی هاوبەشیی بازرگانی  دروستەوە هەیە، ئەمەش دەتوانێت سەقامگیریی ڕاستەقینە بۆ ناوچەکە بهێنێتە ئاراوە."

دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن)، ڕایگەیاندبوو، کۆبوونەوەی ستیڤ ویتکۆف و ڤلادیمێر پوتین زۆر سوود بەخشبوو.

ڕۆژی هەینی 11ـی نیسانی 2025، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سان پیتەربۆرگ، بۆ جاری سێیەم لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا کۆ بوونەوە.

هەروەها پێشتر، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، ئامادەن بە پێشنیازی ئاگربەستی ئۆکرانیا ڕازی بن، بەڵام مەرجیان هەیە، ئەویش دەبێت ئەو کێشانەی کە بوونەتە هۆی دروستبوونی ئەو شەڕە چارە بکرێن، هاوکات ناکۆکییەکانی ئەورووپا و ڕووسیا لەبارەی ناردنی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ سەر سنوور و پرسی به‌ ئەندامبوونی ئۆکرانیا له‌ ناتۆ دەبێت لە ڕیشەوە چارە بکرێت.