لاڤرۆڤ: ڕێککەوتن لەبارەی ڕاگرتنی شەڕی ئۆکرانیا هێندە ئاسان نییە
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، یەکلاکردنەوەی خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئەمەریکا لەبارەی ڕاگرتنی شەڕی ئۆکرانیا هێندە ئاسان نییە. دەشڵێت: ڕێککەوتنەکەمان ڕەت نەکردووتەوە، بەڵام نامانەوێت بکەوینە تەڵەوە.
سێشەممە 15ـی نیسانی 2025، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەبارەی ڕێککەوتن لەگەڵ ئۆکرانیا لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی کۆمێرسانت، ڕایگەیاند، ئاسان نییە لەسەر هەندێک خاڵی سەرەکی لەبارەی ڕاگرتنی شەڕی سێ ساڵە ئۆکرانیا لەگەڵ ئەمەریکا ڕێک بکەوین. دەشڵێت: چیتر ڕێگە نادەین ڕووسیا لە پرسی ئابووریی وڵاتەکەی پشت بە ڕۆژئاوا ببەستێت.
سێرگی لاڤرۆڤ، گوتی: "یەکلاکردنەوەی خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکە ئاسان نییە، ئەو خاڵانەش هێشتا گفتوگۆیان لەبارەیەوە دەکرێت."
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئاماژەشی دا، دەزانن کە ڕێککەوتنی سوودمەند بۆ هەردووک لا چۆنە. دەشڵێت: ڕێککەوتنەکەمان ڕەت نەکردووتەوە، بەڵام نامانەوێت بکەوینە تەڵەوە.
لاڤرۆڤ ڕاشیگەیاند، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا لە ساڵی 2024 بە ڕوونی هەڵوێستی ڕووسیا ئاشکرا کرد، کاتێک کە داوای کرد ئوکرانیا بەهیچ شێوەیەک نەبێتە ئەندامی ناتۆ، هاوکات دەبێت هەموو سەربازەکانی ئۆکرانیاش لەو چوار هەرێمی ڕووسیا کۆنترۆلی کردوون بکشێنەوە.
لایخپشیەوە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ فۆکس نیوز ڕایگەیاندبوو، ڤلادیمێر پوتین، ئامادەیە ڕێککەوتن لەسەر ئاشتی هەمیشەیی ئۆکرانیادا بکات و کۆتایی بە شەڕی سێ ساڵە لەگەڵ ئەو وڵاتە بهێنێت.
نێردەی دۆناڵد ترەمپ گوتیشی: "پوتین داوا دەکات شەڕەکە بۆ هەمیشە ڕابوەستێت، ئەمەش زیاترە لە ئاگربەست.
شەممە 12ـی نیسانی 2025، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە کۆڕبەندی دیبلۆماتی تەنتاڵیا ڕایگەیاندبوو، تاکە ڕێگا بۆ چارەکردنی کێشەکان و بونیاتنانی ئاشتییەکی درێژمەودا، چارەکردنی ئەو کێشانەیە لە ڕیشەوە کە بوونەتە هۆی هەڵگیرسانی ئەو شەڕە.
هەروەها ئاماژەشی دابوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا تاکە سەرکردەیە لە ڕۆژئاوا کە چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە، ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە ناتۆ هەڵەیەکی گەورەیە. گوتیشی: ئێمەش باس لە چارەکردنی ڕیشەی ئەو کێشەیە دەکەین.