لەبارەی دەوڵەتی فەڵەستین ماکرۆن و ناتانیاهو وەڵامی یەکتر دەدەنەوە

سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە تەلەفۆن مشتومڕ لەسەر چارەنووسی فەڵەستین و ئاگربەستی غەززە دەکەن.

سێشەممە 15ـی نیسانی 2025، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهو، ڕایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.

بەگوێرەی ڕاگەیندراوەکە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی پشتگیریکردنی سەرۆکی فەرەنسا لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین بە سەرۆکی فەرەنسای ڕاگەیاندووە، زۆر بەجددی لە دژی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینە.

هەروەها سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەشی داوە، دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین خزمەتێکی گەورەیە بە تیرۆریزم.

هاوکات ، ئیمانوێڵ ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختم کردووە فەرەنسا پشتگیریی سەقامگیریی و سەلامەتیی ئیسرائیل و هاووڵاتییانی دەکات. 

ئاماژەشی داوە، تەنیا بە ئاگربەست دیلەکان ئازاد دەکرێن، هاوکات، کردنەوەی دەروازەکان بەڕووی هاوکارییە مرۆییەکان کاری هەرە گرنگ و پێویستە بۆ هاووڵاتییانی غەززە.

گوتیشی: لە شاری عەریش لە میسر، بەچاوی خۆم بینی بارهەڵگرە هاوکارییەکان لەبەردەم دەروازەکان وەستابوون؛ دەبێت بە زووترین کات ئەو هاوکارییانە بگەنە دەستی هاووڵاتییانی غەززە، نابێت چیتر ئەوان ئەو ئازارە بکێشێن.

سەرۆکی فەرەنسا، هیواشی خواست لە چەند کاتژمێری داهاتوو ئەو دەروازانە بکرێنەوە و بڕیار لەسەر ئاگربەست بدرێت و دیلەکان ئازاد بکرێن.

ماکرۆن دووبارە جەخت لەوە دەکاتەوە، دامەزراندنی دوو دەوڵەتی ئیسرائیل و فەڵەستین تاکە چارەی سیاسییە لە ناوچەکە.

پێشتر سەرۆکی فەرەنسا لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیبوی: لووتکەیەک بە هاوبەشی فەرەنسا و سعوودیە لە مانگی حوزەیران بەڕێوە دەچێت کە تایبەت دەبێت بە دامەزراندنی دوو دەوڵەتی فەڵەستین و ئیسرائیل، دەشڵێت: ئەوە تاکە چارەسەری سیاسییە بۆ ناوچەکە.