توركیا پەلی بۆ ئەرمەنستانیش هاوێشت

هێزی سەربازی رەوانەی ئازەربایجان كرد

K24- هەولێر:

ئاژانسی ئەنادۆڵۆی توركی بڵاوی كردەوە، هێزێكی سوپای توركیا بۆ پاڵپشتی كردن لە ئازەربایجان لە دژی ئەرمەنستان و بەشداریكردنی لە مانۆرێكی سەربازی هاوبەش لەگەڵ ئازەر بایجان گەیشتە ئەو وڵاتە.

ئەمە دوای ئەوە هاتووە، ماوەی دوو هەفتەیە گرژی لە نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان لەسەر ناوچەی قەرەباغ درووست بووە و پێگەكانی یەكتر تۆپباران دەكەن.

لەگەڵ گەیشتنی هێزی توركیا كە بە فڕۆكە و چەكی قورسەوە رەوانەی ئەو وڵاتە كراون، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئازەربایجانەوە پێشوازییان لێكرا.

بڕیاریشە سبەی 29ی ئەم مانگە هێزەكانی توركیا و ئازەربایجان دەست بە مانۆرێكی سەربازی هاوبەش بكەن و بۆ ماوەی 13 رۆژ بەردەوام دەبێت.

لە مانۆرەكەدا كە لە ناوچەكانی باكۆی پایتەختی ئازەربایجان و شارەكانی نەخجەوان، كەنجە، كوردمیر و ویولاخ بەڕێوەدەچێت، هەموو جۆرە چەك و  فڕۆكەیەكی جەنگیی هەردوو وڵات تێیدا بەشدار دەبن.

هەروەك لە مانۆرەكەدا تاقیكردنەوە لەسەر جێبەجێكردنی فەرمانەكانی فەرماندە سەربازییەكان، بەكارهێنانی چەكی سەر تانك و زریپۆش و تۆپخانەكان لەسەر ئاماجە گریمانەییەكانی دوژمنان دەكرێت.

دوێنێش مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، ئەرمەنستان ماوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای قۆستووەتەوە، بۆ ئەوەی هێرشی سەر خاكی ئازەربایجان بكات.

لە 12ی ئەم مانگەوە گرژی كەوتووەتە نێوان هەریەك لە وڵاتانی ئازەربایجان و ئەرمەنستان لەسەر هەرێمی قەرەباغ (ئەو ناوچەیە 5 پارێزگا لەخۆ دەگرێت) و چەند ناوچەیەكیش لە 5 پارێزگای دیكە و رووبەرێكی فراوانیش لە پارێزگاكانی ئاغدام و فزوڵی.

لە ساڵی 1992ـەوە ئەو ناوچانە لەلایەن ئەرمەنستانەوە بەڕێوە دەبرێن.

چاویشئۆغلۆ هۆشداریشی دایە ئەرمەنستان، كە لە ئەگەری هەڵچوونی زیاتر، وڵاتەكەی بە هەموو توانا سەربازی و لۆجستییەكانی لە دژی ئەرمەنستان پاڵپشتی لە ئازەربایجان دەكات.

ئەمە لەكاتێكدایە، توركیا بەر لە چەند مانگێك هێزی رەوانەی لیبیا كردووە بۆ پشتگیریكردنی لایەنێكی ململانێی ئەو وڵاتە لە دژی لایەنی بەرامبەر، لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانیش بە پاساوی بوونی پەكەكە دەستی بە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی كردەووە، بەو هۆیشەوە دەیان گوندی سنووری چۆڵ كراون و چەندین هاووڵاتیش بوونەتە قوربانی، لە رۆژئاوای كوردستانیش، بە تایبەت شارەكانی سەرێ كانیێ، عەفرین، گرێ سپی و ناوچەكانی دەوروبەریانی كۆنترۆڵ كردووە و زمانی توركی لە ناوەندەكانی خوێندن و فەرمانگە ئیدارییەكانی ئەو ناوچانە كراوەتە زمانی فەرمی، لەڕووی ئیداریشەوە ئەو ناوچانە خراونەتە سەر پارێزگای كلیسی باكووری كوردستان، لە لایەكی دیكەشەوە بەهۆی كنە و پشكنینەكانی توركیا و گەڕان بەدوای غازی سروشتی و سەرچاوەكانی وزە لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست و ئاوەكانی یۆنان، پەیوەندیی نێوان توركیا لەگەڵ ئەوروپا بە گشتی و یۆنان بە تایبەتی گرژی تێكەوتووە.

H.B