عەباس عراقچی: بەرنامەی ئەتۆمی گفتوگۆی لەسەر ناکرێت

وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی ستڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، لە مافی خۆمان خۆش نابین و هیچ گفتوگۆیەک لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ناکەین.

چوارشەممە 16ـی نیسانی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ کە گوتبووی: ئێران دەبێت دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی بێت؛ ڕایگەیاند، بەرنامەی ئەتۆمی تاران بابەتێک نییە گفتوگۆی لەسەر بکرێت.

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێرن ڕاشیگەیاند، هەوڵ دەدەین لەگەڵ ئەمەریکا متانە دروست بکەین، بەڵام لە مافی خۆمان لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی خۆش نابین.  

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: هەر ئاگربەستێک بکرێت دەبێت دڵنیایی ئاشتی و سەقامگیریی ڕۆژهەڵات ناوەڕاست بدات، ئەمەش تەنیا بە دەست هەڵگرتنی ئێران لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەکرێت.

ڕۆژی شەممە  12ـی نیسانی 2025، شاندی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عراقچی بە نێوەندگیریی عوممان، لە مەسقەت کۆ بوونەوە.

هاوکات هەر یەک لە ئێران و ئەمەریکا کۆبوونەوەکەیان بە ئەرێیی وەسف کرد، ئاماژەیان دا شەممەی داهاتوو قۆناغی دووەمی دانوستانەکە بەڕێوە دەچێت.