نەتەوە یەکگرتووەکان: ئێران نزیکە لەوەی ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بەر لەسەردانەکەی بۆ تاران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی، ڕایگەیاندوە، ئێران نزیکە لەوەی ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
چوارشەممە 16ـی نیسانی 2025، ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەو چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، ئێران هێشتا نەبووەتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام زۆر لەو ئامانجەیان دوور نین.
گرۆسی، ئاماژەشی دا، ئێران هەموو پێکهاتەکانی هەیە، بۆیە دەکرێت ڕۆژێک ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، گوتیشی: ئەوەندە بەس نییە کە ئێران بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەڵێن چەکی ئەتۆمیمان نییە، یان پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئاشتیی بەکار دەهێنین، بەڵکوو دەبێت ئەوە بەکردەیی پشتڕاست بکەنەوە.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی ئیسنا، بڵاوی کردەوە، ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، گەیشتووەتە تاران و بڕیارە لەگەڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران کۆ ببێتەوە.