ئۆکرانیا: بەم نزیکانە ئیمزا لەسەر ڕێککەوتنی کانزاکان دەکەین
جێگری سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا، پێشکەوتنێکی بەرچاو لە 'ڕێککەوتنی کانزاکان' لەگەڵ ئەمەریکا هەیە، بڕیاریشە بەم نزیکانە ئیمزا لەسەر یاداشتنامەکە بکەن.
چوارشەممە 16ـی نیسانی 2025، یولیا سڤیریدێنکۆ، جێگری سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا لە ئێکس نووسیویەتی: تیمە تەکنیکییەکانمان بە وردی کاریان لەسەر ڕێککەوتنی کانزاکان لەگەڵ ئەمەریکا کردووە.
ئاماژەشی داوە، پێشکەوتنێکی بەرچاو لە ڕێککەوتنەکە هەیە و ستافی یاسایی پێداچوونەوەیان بە چەند بەشێکی ڕەشنووسەکەدا کردووە کە لە ئەمەریکاوە پێمان گەیشتووە.
هەروەها گوتی: کارکردن لەسەر ڕێککەوتنامەکە بەردەوامە، بڕیاریشە بەم نزیکانە ئەمەریکا و ئۆکرانیا، وەکوو یەکەم هەنگاو، ئیمزا لەسەر یاداشتنامەکە بکەن.
جێگری سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا ڕاشیگەیاند، ئیمزاکردنی ئەو یاداشتە دەبێتە دەرفەتێک بۆ وەبەرهێنانی زیاتر و گەشەسەندی ئابووریی ئەمەریکا و ئۆکرانیا.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا، داوای 'ڕیککەوتنی کانزاکان'ی لەگەڵ ئۆکرانیا کرد.
هاوکات، دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت لە ڕێگەی ئەو ڕێککەوتنەوە بەشێک لەو ملیارەها دۆلارەی کە ئەمریکا بۆ یارمەتییە سەربازییەکان بۆ کیێڤ خەرج کردووە وەربگرێتەوە.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیاش لەوبارەیەوە ڕایگەیاندبوو، ئۆکرانیا وەک قەرز مامەڵە لەگەڵ هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمەریکا ناکات.