سه‌رۆكی زانكۆی ئه‌مەریكی-سلێمانی: دەبێت کورد خۆی لەگەڵ سیستەمی نوێی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بگونجێنێت

سه‌رۆكی زانكۆی ئه‌مەریكی-سلێمانی ڕایگەیاند، دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ، سیستەمی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، بۆیە کورد دەبێت بەپێ ئەو گۆڕانکارییانە بچێتە نیو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، بیلال ئه‌حمه‌د وه‌هاب، سه‌رۆكی زانكۆی ئه‌مەریكی-سلێمانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ژینۆ محەممەد، پێشکەشکاری کوردستان24، لەبارەی دیداری سلێمانی ئاماژەی بە لێدوانێکی پێشووتری هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، لە یەکەم دیداری سلێمانی دا،  کە گوتبووی: ئەم دیدارە وەکوو داڤۆسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وایە. بیلال ئه‌حمه‌د، گوتیشی: لە دیداری سلێمانیدا سەرکردە و بەپرسانی جیهان دێنە کوردستان و گوێ بۆ داواکاری و پرسەکانی کوردستان دەگرن، ئەمەش دەرفەتێکە بۆ ئەوەی کورد دەنگی خۆی بگەینێتە جیهان.

سه‌رۆكی زانكۆی ئه‌مەریكی-سلێمانی گوتی: ئەنفال و کارەساتی هەڵەبجە و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لەلایەن هێزی پێشمەرگە، وایکرد کورد بە جیهان بناسرێت و بچێتە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، سەرەڕای ئەوەی کورد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا هاوکاریی کرا، بەڵام  لە شکستپێهێنانی تیرۆردا، کورد خۆی ڕۆڵێکی کاریگەری هەبوو و قوربانی زۆری دا.

لەبارەی ڕۆڵ و خۆگونجاندنی کورد لەگەڵ کۆمەڵگە نێودەوڵەتیدا،  بیلال ئه‌حمه‌د وه‌هاب گوتی: "سیستەمی ئێستای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، گۆڕانکاریی زۆری بەخۆیەوە بینیوە؛ ئێستا شەڕ، شەڕی بازرگانییە، هەر بۆیە کورد دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکات و خۆی لەگەڵدا بگونجێنێت، دەبێت داواکارییەکانی کورد لەگەڵ سیاسەتی ئێستای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگونجێت."

هەروەها باسی لەوەش کرد، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئێستا ڕێزێکی تایبەت لە کورد دەگرێت و خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات و کورد خۆی نوێنەری خۆی هەڵدەبژێرێت.

لەبارەی ڕۆڵی کورد لە ڕێکخستنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بیلال ئه‌حمه‌د وه‌هاب گوتی: دوو فاکتەر ڕۆڵیان دەبێت، یەکەمیان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، دووەمیان کورد خۆی، ئەمەش تەنیا بە یەکگرتنی هەموو پارتەکان بەیەکەوە و بە یەک دەنگ لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا داواکارییەکانیان بگەیەنن.