وەزیری ناوخۆی عێراق گەیشتە ھەولێر

لەگەڵ وەزیری ناوخۆی ھەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە

K24 – ھەولێر

كەمێك پێش ئێستا عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عێراق گەیشتە ھەولێر و بڕیارە لە یەكەم وێسگەی سەردانەكەیدا لەگەڵ رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی ھەرێمی كوردستان كۆببێتەوە.

ئاراس ئەحمەد، پەیامنێری كوردستان24 لە ھەولێر رایگەیاند: "لە كۆبوونەوەی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی ھەرێمی كوردستان و  عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عێراق گفتوگۆ لەسەر دوو پرسی سەرەكی دەكرێت، لەوانە ئەمنیەت و ئاسایش لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، دەیانەوێت ھەماھەنگی و ھاوبەشی لەو ناوچانە ھەبێت، ھەروەھا پرسێكی دیكە ئەوەیە ژمارەیەك فەرمانگەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ھەرێمی كوردستان ھەن، ئەو فەرمانگانە ماوەیەكە چەند كێشەیەكیان ھەیە گفتوگۆ لەسەر ئەو كێشانە دەكرێت".

پێشتر لیژنەیەكی ھاوبەشی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان و وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەسەر ئەو پرسانە پێكھندرابوو.