جارێکی دیکە نرخی زێڕ بەرز بووەوە

پێنجشەممە، 17ـی نیسان 2025، نرخی زێڕ بەرزترین ئاستی تۆمار کرد، ئەوەش لە ئەنجامی ئەو ناکۆکییە بازرگانییەی کەوتووەتە نێوان ئەمەریکا و هاوبەشەکانی.
نرخی زێڕ لە کاتژمێر 8ـبەکاتی ئەورووپا، بە ڕێژەی 0.1٪ بەرز بووەوە و گەیشتە 3346.20 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، زێڕی ئەمەریکاش بە رێژەی 0.4٪ بەرز بووەوە و گەیشتە 3,359.50 دۆلار.
ڕۆژی چوارشەممە، نرخی زێڕ 3300 دۆلاری بۆ هەر ئۆنسەیەک تێپەڕاند و بەرزترین ئاستی تۆمار کرد.
سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ، ڕۆژی سێشەممە فەرمانی کرد لێکۆڵینەوە لە ئەگەری سەپاندنی باجی گومرگی زیاتر لەسەر تەواوی کاڵا هاوردەکراوەکان و کەرەستە سەرەکییەکان بکرێت لەگەڵ پێداچوونەوە بە هاوردەکردنی دەرمان و چپس.
لە بەرامبەردا، پەکین فەرمانی بە کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانی کرد فڕۆکەی زیاتری بۆینگ وەرنەگرن، لە کاتێکدا حکوومەتی ئەمەریکا هەناردەکردنی ژیری دەستکردی H20 ـی کۆمپانیای ئینفیدیای بۆ چین، سنووردار کردووە.
بەهای زێڕ بەرزبووەوە، ئەو بەرزبوونەوەیەش بەلای چاودێرانی ئابووری، پرسێکی ئاساییە و وەک پێشگرییەک لەو نادڵنیایی سیاسی و ئابووری و هەڵاوسانە، ئەمساڵ زێڕ بەڕێژەی زیاتر لە 27٪ بەرز بووەتەوە.
سەرۆکی بانکی فیدراڵی، جێرۆم پاوڵ، دوێنێ چوارشەممە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتبووی: بانکی فیدراڵی چاوەڕێی داتای زیاتر دەکات لەسەر ئاراستەی ئابووری، پێش ئەوەی ڕێژەی سوود بگۆڕێت، بەڵام هۆشداریش دا لەوەی سیاسەتەکانی ترەمپ سەبارەت بە باجی گومرگی لەوانەیە هەڵاوسان دروست بکات و ئامانجەکانی بانکی ناوەندی لەناو ببات.