کرێملن: ڕێککەوتن لەبارەی ئاشتیی ئۆکرانیا بابەتێکی ئاڵۆزە
گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) دەڵێت؛ وڵاتەکەی ئامادەیە کۆتایی بە جەنگی سێ ساڵەی ئۆکرانیا بهێنێت، بەڵام ڕێککەوتن ئاسان نییە و بڕیاردان قورسە.
دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملن، ئەمڕۆ هەینی 18ـی نیسانی 2025، ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانییان لەگەڵ ئەمەریکا بەرەو پێش چووە، بەڵام جەنگی ئۆکرانیا پرسێکی ئاڵۆزە و بابەتێکی هێندە ئاسان نییە و بڕیاردان لەسەری قورسە.
پیسکۆڤ دەڵێت: ڕووسیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی بۆ گفتوگۆ ئامادەیە و پابەندە بە کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا.
ئاماژەشی داوە، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا فەرمانی داوە چیتر کار بە بەڵێنی هێرش نەکردنە سەر ژێرخانە ئەتۆمییەکانی ئۆکرانیا نەکرێت.
گوتیشی: پوتین ئەو بەڵێنەی وەکوو بەڵێنێکی بەسەرچوو وەسف کردووە.
لە 18ـی ئاداری 2025، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، بەڵێنی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دابوو، بۆ ماوەی 30 ڕۆژ هێرش نەکاتە سەر ژێرخانە ئەتۆمییەکانی ئۆکرانیا.
هاوکات هەر ئەمڕۆ هەینی 18ـی نیسانی 2025، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ جۆرجا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا ڕایگەیاندبوو، لەو کاتەی دانوستانەکان لە بارەی جەنگی ئۆکرانیا دەستی پێ کردووە، گەشبینە بەوەی ئەو شەڕە خوێناوییە کۆتایی دێت.
پێشتر مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، ئەگەر لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هیچ ئاماژەیەک لەبارەی ڕێککەوتنی ئۆکرانیا و ڕووسیا نەدرێت، ئەوە دۆناڵد ترەمپ بڕیار دەدات ئەمەریکا لە ڕێککەوتنەکە پاشەکشە بکات.