ترەمپ: چەکی ئەتۆمی دڵخۆشیی بۆ گەلی ئێران ناهێنێت

ترەمپ لە بارەی پەیوەندی و دانوستان لەگەڵ چین و ڕووسیا گەشبینانە دەدوێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا جەخت لە هەوڵەکانی بۆ ڕاگرتنی جەنگیی ئۆکرانیا و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی واشنتن - مۆسکۆ دەکات، پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و چین بە ئاسایی ناو دەبات و لە بارەی ئێرانیشەوە دەڵێت: بە دەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دڵخۆشیی بۆ گەلی ئێران ناهێنێت.

هەینی 18ـی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی لە بارەی کشانەوەی ئەمەریکا لە نێوەندگیریی ڕووسیا و ئۆکرانیا بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: "کاتێکی دیاری کراومان نییە، بۆ ئەوەی لە نێوەندگیرییەکە بکشێینەوە، بەڵام ئەگەر هەر لایەنێک ئاستەنگ دروست بکات، ئێمە بژاردەی دیکەمان دەبێت، هیواش دەخوازم کە ناچارمان نەکەن ئەوە بکەین." هاوکات ڕاشیگەیاند، لە ڕێککەوتن لەبارەی ئۆکرانیا لەگەڵ ڕووسیا شانسێکی باش هەیە. 

لە بارەی دواخستنی ڕێککەوتن لەلایەن ڕووسیاوە گوتی: هیوادارم ئەوە بە مەبەست نەبێت. گوتیشی: بەم نزیکانە بۆمان دەردەکەوێت.

سەرۆکی ئەمەرکا لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران ئاماژەشی دا، ئەگەر ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، دڵخۆش نابن، چونکە بۆ هەمیشە ژیانیان لە مەترسی دەبێت.

دۆناڵد ترەمپ باسی لە دوایین ناکۆکییەکان لەگەڵ چین کرد و ڕایگەیاند، چەند پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ چین کردووە و بەره‌و باشتریش دەبن.

هاوکات هەر ئەمڕۆ 18ـی نیسانی 2025، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ڕایگەیاندراوێکی بڵاو کردووەتەوە تێیدا ئاماژەی داوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوو سەرۆك پرسی ئۆکرانیا و ئێران و دوایین چالاکییەکانی ئەمەریکا بەرانبەر حووسییەکانیان تاوتوێ کردووە. 

هەروەها ستارمەر و ترەمپ باسیان لە پرسی بازرگانی و باجە گومرگییەکانی نێوان ئەمەریکا و بەریتانیا کردووە، هاوکات سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا پشگیریی لە بازرگانی ئازاد و کراوە لە نێوان ئەو دوو وڵاتە کرد و جەختیشی لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بەریتانیای کردووتەوە.