زێلێنسکی پێشنیاز دەکات ئاگربەستەکەی ڕووسیا درێژبکرێتەوە

سەرۆکی ئۆکرانیا، تانە لە بڕیاری ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکەی رووسیا دا و گوتی، ڕووسیا لە هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتەکەی بەردەوامن و سەرۆکی ڕووسیاش یاری بە ژیانی مرۆڤەکان دەکات.

شەممە 19ـی نیسانی 2025، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی کاتیی لەلایەن ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا نووسیویەتی: سەرۆکی ڕووسیا یاری بە ژیانی مرۆڤەکان دەکات؛ گوتیشی: تا ئێستا  لە ئۆکرانیا بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی ڕووسیا زەنگی ئاگەدارکردنەوە لێ دەدرێت.

ئاماژەشی دا: بەرپەرچدانەوەی درۆنەکانی ڕووسیا لە ئەسمانی ئۆكرانیا،  ڕووی ڕاستەقینەی ئەو وڵاتە لە بەرانبەر جەژنی هه‌ستانه‌وه‌ - ڕابوون (قیامە) و ژیانی هاووڵاتییان پیشان دەدات.

گوتیشی: ئەمڕۆ هێزەکانمان لە ناوچەکانی کورسەکی سەر بە ڕووسیا لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بەردەوام بوونە، هاوکات لە ناوچەی بیلگۆردۆ سەربازەکانمان پێشرەوییان کردووە.

سەرۆکی ئۆكرانیا باسی لەوە کرد، ئەگەر ڕووسیا بە ڕاستی نیازی وایە جەنگەکە بەبێ مەرج ڕابگرێت، ئەوە ئەوانیش پابەندی ئاگربەستەکە دەبن. هاوکات داواش دەکات ماوەی ئاگربەستی ڕووسیا زیاتر لەو کاتەی دیاری کراوە درێژ بکرێتەوە.

لای خۆشیەوە، ئەندری سیبیها، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا لەو بارەوە گوتی: ڕووسیا لە بری 30 ڕۆژ تەنیا 30 کاتژمێر ئاگربەستی ڕاگەیاند، ئێمە تەنیا بە ئاگربەستی 30 ڕۆژ بەبێ مەرج ڕازی دەبین کە لە مانگی ئادارەوە پێشنیاز کراوە.

هەروەها ئاماژەشی دا، ئەوان تەنیا بە ڕاگەیەنراو لە بارەی ئاگربەستەوە بڕوا ناکەن، بەڵکوو ڕووسیا دەبێت بە کردار بیسەلمێنێت.

شه‌ممه‌، 19ـی نیسانی 2025، كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیی ڕووسیا (كرێملن) ڕایگه‌یاندبوو، ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكی ڕووسیا ئاگربه‌ستێكی كاتیی له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا ڕاگه‌یاند.

كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیی ڕووسیا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردبوو‌، ئاگربه‌سته‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ بۆنه‌ی جەژنی ڕابوون (قیامە)ـی جووەکان و له‌ كاتژمێر 6:00ـی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ به‌ كاتیی ڕووسیا ده‌ست پێ ده‌كات و تاوه‌كوو كاتژمێر 12:00ـی شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌ له‌سه‌ر دووشه‌ممه‌ 20/21ـی نیسان به‌رده‌وام ده‌بێت.