هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا کەمی کردووە

ئیدارەی وزەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا کەمی کردووە، بەڵام  لەچاو هەناردەی نەوتی سعوودییە زیاترە

یەکشەممە، 20ـی نیسانی 2025، ئیدارەی وزەی ئەمەریکا خشتەی هەناردەی نەوتی وڵاتانی بۆ ئەمەریکا بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، "تێکڕای هاوردەی نەوتی خاوی ئەمەریکا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە 10 وڵاتی جیاواز گەیشتووەتە 5.086 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە بە بەراورد بە هەفتەی پێشووتر 242 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەم بووەتەوە، کە ئەوکات پێنج ملیۆن و 328 هەزار بەرمیل بوو لە ڕۆژێکدا."

وزەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کرد "هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا کەمی کردووە، کەمکردنەکەش بە تێکڕای 136 هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، بەڵام لە هەناردەکردنی نەوتی سعوودیە بۆ ئەمەریکا زیاتر بووە."

هەروەها ئیدارەی وزەی ئەمەریکا ڕوونیشی کردووەتەوە "زۆرترین هەناردەی نەوت بۆ ئەمەریکا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە کەنەداو بووە، بە ڕێژەی 3 ملیۆن و 525 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە دوای ئەویش کۆڵۆمبیا دێت، بە ڕێژەی 341 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، مەکسیک بە ڕێژەی 278 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا و بەڕازیل بە ڕێژەی 233 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا".

بەگوێرەی خشتەکە "هاوردەی نەوتی خاوی ئەمەریکا لە نەیجیریا بە تێکڕا 207 هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، لە ڤەنزوێلا 136 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە ئیکوادۆرەوە 105 هەزار بەرمیل و لە لیبیا 56 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا."