بەڕێوەبەرایەتیی مین: بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ لەنێو کێڵگەی مین قەدەغەیە

لە سەرەتای ئەم ساڵەوە هەشت کەس بەهۆی مینەوە گیانیان سپاردووە و، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کاروباری مینی هەولێریش بە نووسراوی فەرمی وێنە و ڤیدیۆی سەرکێشی لەنێو کێڵگە مینەکان قەدەغە دەکات.

یەکشەممە، 20ـی نیسانی 2025، عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین لە هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ماوەیەکە دیاردەی وێنەگرتن و ڤیدۆی مین و تەقەمەنی لەلایەن هاووڵاتییانەوە بووەتە دیاردە، بەشێک لە هاووڵاتییان لەکاتی چوونیان بۆ ناوچە شاخاویی و کوێستانەکان دەچنە سێگۆشەی نێوان مین و تەقەمەنییەکان.

بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین لە هەولێر گوتیشی: سەرکێشی کردن بە مین و تەقەمەنییەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و، هەر کەسێک کارێکی لەم شێوەیە بکات ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە، هەر بەم هۆیەوە بە نووسراوی فەرمی بڵاومان کردووەتەوە.

عەلی عەبدولڕەحمان دەشڵێت: ئەو ڕووداوەی دوو براکەی شارۆچکەی سیدەکان، کە یەکێکیان گیانی سپارد و ئەوەی دیکە بە سەختی برینداربوو، هۆکارەکەی دەستکاریکردنی مین بوو.

لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تا ئێستا، 14 کەس مینیان پێدا تەقیوەتەوە، لەوانەش 8 کەس گیانیان سپاردووە و 6 کەسی دیکەش بریندار یان کەمئەندام بوون.

 

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment