ڕووسیا و ئۆکرانیا یەکتر بە شکاندنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن

بە گوێرەی لێدوانەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا دوێنێ شەو پێکدادان لە نێوانییاندا هەبووە، بەمەش هەردوو وڵات بە ئەنجامدانی هێرش و شکاندنی ئاگربەست یەکتر تۆمەتبار کرد، هاوکات گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا ڕایگەیاند: ئاگربەستەکە دڕێژ ناکرێتەوە.

یەکشەممە 20ـی نیسانی 2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ڕووسیا بە شکاندنی ئاگربەست تۆمەتبار کرد و  لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: ڕووسیا وا خۆی دەردەخات پابەندی ئاگربەستەکە بووە، بەڵام لە ڕاستیدا دوێنێ شەو سەدان هێڕشیان کردووتە سەر وڵاتەکەمان.

سەرۆکی ئۆکرانیا روونیشی کردەوە، لە نیوەشەوەوە تاوەکوو کاتژمێر چواری بەرەبەیان، ڕووسیا بە چەکی قورسەوە 46 هێڕشی کردووەتە سەر ئۆکرانیا.

لە بارەی پابەندنەبوونی ڕووسیا بە ئاگربەستەکەوە، زێلێنسکی ئاماژەی دا، یان ئەوەیە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، دەسەڵاتی بەسەر هەموو سوپاکەیەوە نییە، یاخود هیچ نیازێکیان نییە ئەو جەنگە کۆتایی پێ بهێنن.

لە بارەی لێدوانەکانی سەرۆکی ئۆکرانیا، وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاندووە، ئۆکرانیا زیاتر لە هەزار جار پێشێلکاری ئاگربەستی کردووە؛ ئاماژەشی دا، سوپای کێیڤ دوێنێ شەو بە 900 درۆن هێرشی کردووەتە سەر 444 پێگەی ڕووسیا لە کریمیا و ناوچە سنوورییەکانی وەکوو برایانسک، کورسک و بێلگۆرۆد کە بە هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان بوونەتە قوربانی و باڵەخانەکانیان زیانیان بەرکەوتووە.

 ڕۆیتەرز: هیچ پێکدادانێک ڕووی نەداوە

لە بارەی ئەو پێکدادانەی دوێنێ شەوی ڕووسیا و ئۆکرانیا، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، تاوەکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لە بارەی ئەو پێکدادانەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

کرێملن: پوتین ئاگربەستەکە درێژ ناکاتەوە

شه‌ممه‌، 19ـی نیسانی 2025، كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیی ڕووسیا (كرێملن) ڕایگه‌یاندبوو، ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكی ڕووسیا ئاگربه‌ستێكی كاتیی له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا ڕاگه‌یاند.

كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیی ڕووسیا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردبوو‌، ئاگربه‌سته‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ بۆنه‌ی جەژنی ڕابوون (قیامە)ـی کریستیانەکان و له‌ كاتژمێر 6:00ـی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ به‌ كاتیی ڕووسیا ده‌ست پێ ده‌كات و تاوه‌كوو كاتژمێر 12:00ـی شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌ له‌سه‌ر دووشه‌ممه‌ 20/21ـی نیسان به‌رده‌وام ده‌بێت.

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆكرانیا لە وەڵامی ئاگربەستەکەی ڕووسیا گوتی: ئەگەر ڕووسیا بە ڕاستی نیازی وایە جەنگەکە بەبێ مەرج ڕابگرێت، ئەوا ئەوانیش پابەندیی ئاگربەستەکە دەبن.

هاوکات داواشی لە ڕووسیا کرد ماوەی ئاگربەستەکە زیاتر لەو کاتەی دیاریی کراوە درێژ بکاتەوە.

لەو بارەیەوەش، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن)، ڕایگەیاند، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا هیچ بڕیارێکی لە بارەی درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەستەکە نەداوە.

گوتیشی: ئاگربەستەکە لە کاتی دیاریکراوی خۆی کۆتایی دێت.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment