ترەمپ: هیوادارم ئەم هەفتەیە ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕێک بکەون

دوای ئەوەی ئەمەریکا پشتیوانیی لە درێژکردنەوەی ئاگربەستی ڕووسیا کرد، سەرۆکی ئەمەریکا هیوای خواست ئۆکرانیا و ڕووسیا ڕێک بکەون.

یەکشەممە 20ـی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس نووسیویەتی: بەو هیوایەم ئەم هەفتەیە ڕووسیا و ئۆکرانیا لەبارەی ڕاگرتنی جەنگی نێوانیان ڕێک بکەون.

هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی: دوای ڕێککەوتنەکە هەر یەکە لە ئۆکرانیا و ڕووسیا دەست بە بازرگانییەکی گەورە لەگەڵ ئەمەریکا دەکەن.

هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەسەر زاری تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، ئاگادری ڕاگەیاندنی ئاگربەستی کاتین کە لەلایەن ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بەهۆی جەژنی هەستانەوە (قیامە) ڕایگەیەندرابوو.

ئاماژەشی دابوو،  پشتیوانیی لە درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە دەکەن، بەو مەرجەی گشتگیرتر و فراوانتر بکرێت.

هاوکات، لەو بارەیەوە دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن)، ڕایگەیاندبوو، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا هیچ بڕیارێکی لە بارەی درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەستەکە نەداوە، هەروەها ئاگربەستەکە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا کۆتایی دێت.

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆكرانیا لە وەڵامی ئاگربەستەکەی ڕووسیا گوتی: ئەگەر ڕووسیا بە ڕاستی نیازی وایە جەنگەکە بەبێ مەرج ڕابگرێت، ئەوا ئەوانیش پابەندیی ئاگربەستەکە دەبن.

هاوکات داواشی لە ڕووسیا کرد ماوەی ئاگربەستەکە زیاتر لەو کاتەی دیاریی کراوە درێژ بکاتەوە.

ڕۆژی شه‌ممه‌، 19ـی نیسانی 2025، كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیی ڕووسیا (كرێملن) ڕایگه‌یاندبوو، ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكی ڕووسیا به‌ بۆنه‌ی جەژنی هەستانەوە (قیامە)ـی کریستیانەکان و له‌ كاتژمێر 6:00ـی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ به‌ كاتی ڕووسیا تاوه‌كوو كاتژمێر 12:00ـی شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌ له‌سه‌ر دووشه‌ممه‌ ئاگربه‌ستێكی كاتیی له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا رادەگەیەنێت.