یەكەم جەژنی قوربان بەبێ حاجی و نوێژ بەڕێوەدەچێت
كۆرۆنا رێوڕەسمی جەژن دەگۆڕێت
.jpg)
K24 – ھەولێر
ئەمڕۆ ھەینی 31/7/2020 یەكەم رۆژی جەژنی قوربانە، بەڵام بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەمساڵ جیاوازتر لە ساڵانی دیكە موسڵمانان لە وڵاتان نەیانتوانیوە بە مەبەستی حەجكردن سەردانی مەككە بكەن. بەگوێرەی رێكارە تەندروستییەكانیش بۆ خۆپارێزی لە كۆرۆنا نوێژی جەژن ئەنجام نادرێت، كە وێستگەی یەكەمی رێوڕەسمی جەژنە.
لە ھەرێمی كوردستان تائێستا 13 ھەزار و 614 تووشی كۆرۆنا بوونە لەو ژمارەیەش 528 كەس گیانیان لەدەستداوە و نزیكەی 9 ھەزاریش چارەسەركراون. حكومەتی ھەرێم و وەزارەتی تەندروستی چەندین رێكار و رێنماییان بڵاوكردووەتەوە، بۆ ئەوەی خەڵك خۆی و دەوروبەریان لە تووشبوون بەو ڤایرۆسە بپارێزن، بۆ رۆژانی جەژنیش پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان رێوشوێنی تایبەتیان گرتووەتەبەر.
یەكێك لەو رێكارانەی لە ھەرێمی كوردستان و بەشێك لە وڵاتانی دیكە گیراوەتەبەر ئەنجامنەدانی نوێژی بە كۆمەڵە لە مزگەوتەكان، كە ئەمە نوێژی جەژنیش دەگرێتەوە. ساڵانی دیكە نوێژ و مزگەوت وێسگەی یەكەمی دەستپێكردنی رێوڕەسمی جەژن بوو، دوای ئەنجامدانی نوێژ ئامادەبووانی مزگەوت پیرۆزباییان لە یەكتر دەكرد و دواتر سەردانی ماڵی كەسوكار و دراوسێكانیان دەكرد بۆ پیرۆزبایی و گەردن ئازادكردن.
جەژنی قوربان لە ھەرێمی كوردستان، جگە لە جێبەجێكردنی فەریزە ئاینییەكان كە سەرەكیترینیان سەردانیكردنی مەككەیە بۆ ئەنجامدانی فەریزەكانی حەج، خەڵك وەك نەریتێكی كۆمەڵایەتی لێی دەڕوانێت، بۆیە ئەو جەژنە وەك ھەلێك دەقۆزنەوە بۆ كۆبوونەوە و سەردانی كەسوكاریان و گەشتكردن.
قوربانیكردن لەم جەژنەدا بەشێكی دیكەی رێوڕەسمی جەژنی قوربانە، لە شار و شارۆچكەكانی ھەرێمی كوردستان موسڵمانان وەك نەریتێكی ئایینی بە سەدان ئاژەڵ سەر دەبڕن. بەگوێرەی ئەو رێكار و رێنماییانەی لەلایەن ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاكان بڵاوكراوەتەوە، قوربانی رێگە پێدراوە، بەڵام بە مەرجێك خەڵك رێوشوێنەكانی خۆپارێزی بگرنەبەر.
لە ساڵانی رابردوو گلەیی لەوە دەكرا كە بەھۆی سۆشیال میدیا بۆنە ئایینی و نەتەوەییەكان كاڵ بوونەتەوە، بەڵام لەم جەژنەدا ئەگەر خەڵكی رێنمایی و رێكارەكان جێبەجێ بكەن، پێویستە كە تەنھا لە رێگەی تەلەفۆن و تۆڕە كۆمەڵامەتییەكان جەژنە پیرۆزە لە یەكتر بكەن.
بەگوێرەی ئامارەكان ساڵانی رابردوو زیاتر لە 2 ملیۆن كەس لە وڵاتانی جیھان بۆ حەج كردن روویان لە وڵاتی سعودیە كردووە، بەڵام ئەمساڵ رێگە نەدرا لە ھیچ وڵاتێك خەڵك بۆ ئەم مەبەستە سەردانی سعودیە بكەن، تەنھا لەپێناو بە زیندوھێشتنەوە ئەو ئەركە ئایینیە حكومەتی سعودیە بە گرتنەبەری رێكارەكان دەرگای مەككەی بۆ خەڵكی وڵاتەكەی كردووەتەوە و ئەمساڵ 10 ھەزار كەس فەریزەكانی حەج جێبەجێ دەكەن.