کرێملن: جێگەی دڵخۆشیە پرسی بە ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە ناتۆ کۆتایی هاتووە

گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) ڕایگەیاند، پێشوازی لە هەڵوێستی ئەمەریکا پۆ پشتگیرینەکردنیان لە ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە ناتۆ دەکەن؛ گوتیشی، بەو هەڵوێستەی ئەمەریکا زۆر دڵخۆشین.

دووشەممە 21ـی نیسانی 2025، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن)، لە بارەی هەڵوێستی ئەمەریکا بۆ ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە ناتۆ ڕایگەیاند، چەندین جار لەسەر ئاستی جیاواز لەلایەن بەرپرسانی واشنتن بیستوویانە کە پرسی ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە هاوپەیمانی ناتۆ کۆتایی هاتووە.

هەروەها گوتیشی: ڕووسیا بەو هەڵوێستەی ئەمەریکا دڵخۆشە و لەگەڵ ئامانجی ئێمە دەگونجێت. چونکە ئەمە ڕیشەی ئەو کێشانەیە کە دروست بووە.

پیسکۆڤ ڕوونیشی کردەوە، ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە هاوپەیمانییەک کە ئەمەریکا بەڕێوەی دەبات، دەبێتە هەڕەشەییەکی جیددی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا.

هاوکات لەم بارەوە، کیس کلۆگ، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا لە ئۆکرانیا دوێنێ یەکشەممە لە لێدوانێکدا دووپاتی کردەوە پرسی ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە ناتۆ کۆتایی هاتووە. گوتیشی: ترەمپ ئەوە بە هۆکاری دەستپێکردنی جەنگەگە دەزانێت.

ڕۆژی یەکشەممە 20ـی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس نووسیوبووی: بەو هیوایەم ئەم هەفتەیە ڕووسیا و ئۆکرانیا لەبارەی ڕاگرتنی جەنگی نێوانیان ڕێک بکەون.

هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی: دوای ڕێککەوتنەکە هەر یەکە لە ئۆکرانیا و ڕووسیا دەست بە بازرگانییەکی گەورە لەگەڵ ئەمەریکا دەکەن.