عراقچی بۆ ڕاوێژ لەبارەی دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران، دەچێتە چین

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بەر لە بەڕێوەچوونی گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، دەچێتە چین و لەبارەی دانوستانەکە ڕاوێژ لەگەڵ ئەو وڵاتە دەکات.

دووشەممە 21ـی نیسانی 2025، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، سبەی سێشەممە 22ـی نیسانی 2025، سەردانی چین دەکات.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕوونیشی کردەوە، لە بارەی دوایین پێشهاتەکان لەگەڵ ئەمەریکا ڕاوێژ لەگەڵ چین دەکەن و لە هەموو وەردەکارییەک ئاگادریان دەکەنەوە.

هەروەها گوتیشی: چین دەتوانێت ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لەو پرۆسەیە ببینێت.

لەبارەی سیاسەتی ئەوپەڕی فشار لەسەر ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئەو سیاسەتە تەنیا لە دژی ئێران نییە، بەڵکوو له‌ دژی وڵاتانی دیکە و لە دژی ئازادیی بازرگانییە.

شەممە، 19ـی نیسانی 2025، شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عراقچی لەگەڵ شاندی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ وتیکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ، بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەنێو باڵێۆزخانەی عوممان لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا گەڕی دووەمی دانوستانیان ئەنجام دا.

هەروەها عەباس عراقچی ڕۆژێک بەر لە سەردانەکەی بۆ ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، چووە مۆسکۆ و لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا کۆ بووە.