پوتین: هەڵسەنگاندن بۆ پێشنیازیی ڕاگرتنی جەنگ بۆ ماوه‌ی 30 ڕۆژ دەکەین

سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، پێشوازی لە هەر هەوڵێکی ئاشتییانە لە ئۆکرانیا دەکەن، هاوکات هەڵسەنگاندن بۆ پێشنیازەکەی سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ ڕاگرنی جەنگ دەکەن.

دووشەممە 21ـی نیسانی 2025, ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا لە بارەی پێشنیازەکەی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانە مەدەنییەکان ڕایگەیاند، هەڵسەنگاندن بۆ پێشنیازەکە و دەرئەنجامەکانی دەکەن، دواتر وەڵامێکی گونجاو دەدەنەوە.

هەروەها ئاماژەشی دا، ڕووسیا بە ئەڕێنییەوە پێشوازی لە هەر هەنگاوێکی ئاشتییانە دەکات, بەو مەرجەی ئۆکرانیا پابەند بێت.

سەرۆکی ڕووسیا لەبارەی پەسەندکردنی ئاگربەستی کاتی بەبۆنەی جەژنی هەستانەوە لەلایەن ئۆکرانیاوە گوتی: کێیڤ سەرەتا ئاگربەستەکەی ڕەت کردەوە، هاوکات ئێمەشیان بە یاریکردن بە ژیانی مرۆڤایەتی تۆمەتبار کرد، بەڵام دواتر بەهۆی ڕاوێژی وڵاتان هەڵوێستی خۆیان گۆڕی و بە ئاگربەستەکە ڕازی بوون.

هاوکات سەرۆکی ڕووسیا کۆتاییهێنانی ئاگربەستی کاتی بەبۆنەی جەژنی هەستانەوە (قیامە) ڕاگەیاند.

ڕۆژی شه‌ممه‌، 19ـی نیسانی 2025، كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیی ڕووسیا (كرێملن) ڕایگه‌یاندبوو، ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكی ڕووسیا به‌ بۆنه‌ی جەژنی هەستانەوە (قیامە)ـی کریستیانەکان و له‌ كاتژمێر 6:00ـی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ به‌ كاتی ڕووسیا تاوه‌كوو كاتژمێر 12:00ـی شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌ له‌سه‌ر دووشه‌ممه‌ ئاگربه‌ستێكی كاتیی له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا رادەگەیەنێت.

ڕۆژی یەکشەممە، ڤۆلدیمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا پێشنیازی کرد، بۆ ماوەی 30 ڕۆژ هێرشی ئاسمانی و درۆن بۆ سەر ژێرخانە مەدەنییەکان ڕابگرن.

هەروەها ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەسەر زاری تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، پشتیوانیی لە درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە دەکەن، بەو مەرجەی گشتگیرتر و فراوانتر بکرێت.