ترهمپ: کۆبوونەوەی زۆر باشمان لەگەڵ ئێران كردووه
سەرۆکی ئەمەریکا بە گەشبینییەوە باس لە دنوستانەکانی ئێڕان و دانوستانەکان تایبەت بە باجی گومرگی لەگەڵ وڵاتان دەکات و بە باش وەسفیان دەکات.
دووشەممە 21ـی نیسانی 2025, دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ مێدیاکان قسەی کرد وەڵامی ژمارەیهک پرسی جیاوازی دایەوە، هاوکات لە بارەی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئێران ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکی زۆر باشمان لەگەڵ ئێراندا هەبوو.
هەروەها پێشتر، ڕۆیتەرز لەسەر زاری ژمارەیهک بەرپرسی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران ئەرێنی و بونیاتنەر بوون.
سەبارەت بە پرسی باجی گومرگی لەگەڵ وڵاتان گوتی: دانوستانەکان لەبارەی باجی گومرگی لەگەڵ وڵاتان باش بەڕێوە دەچێت، قازانجێکی زۆر باشیش دەکەین و ژمارەیهکی زۆری وڵاتان دەیانەوێت دانوستان لەبارەی باجی گومرگی بکەن. باسی لەوەش کرد، لە کۆتاییدا لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا دەگەینە ڕێککەوتن.
هاوکات سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا، سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە، شانسێکی زۆر باش هەیە، لەم هەفتەیە ئۆکرانیا و ڕووسیا ڕێک بکەون.
ڕۆژی یەکشەممە 20ـی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس نووسیبووی: بەو هیوایەم ئەم هەفتەیە ڕووسیا و ئۆکرانیا لەبارەی ڕاگرتنی جەنگی نێوانیان ڕێک بکەون.
هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی: دوای ڕێککەوتنەکە هەر یەکە لە ئۆکرانیا و ڕووسیا دەست بە بازرگانییەکی گەورە لەگەڵ ئەمەریکا دەکەن.