زێلێنسکی: چوارشەممە دانوستانی ئاگربەست بەڕێوە دەچێت

سەرۆکی ئۆكرانیا ڕایگەیاند، ڕۆژی چوارشەمە بە ئامادەبوونی ئەمەریکا، فەرەنسا و بەریتانیا گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان لە بارەی ئاگربەستەوە لە بەریتانیا بەڕێوە دەچێت.

دووشەممە 21ـی نیسانی 2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، چوارشەممەی داهاتوو شاندی وڵاتەکەی بە مەبەستی دانوستاندن لەبارەی ئاگربەست لە ئۆکرانیا دەچێتە لەندەن.

سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەشی دا، هەر یەکە لە وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەمەریکا بەشداری دانوستانەکە دەکەن.

زێلێنسکی لە بارەی ئاگربەستەکە گوتی: یەکەم هەنگاو بەرەو ئاشتی، ئاگربەستێکی بێ مەرجە.

ئاژانسی فرانس پرێس لەبارەی دانوستانەکەی لەندەن بڵاوی کردووەتەوە، ئەم کۆبوونەوەیە لە ئەنجامی لووتکەی هەفتەی ڕابردوو لە پاریس دێت، کاتێک، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێشنیازیی واشنتنی بۆ کۆتاییهێنان به‌ جەنگی سێ ساڵەی ئۆکرانیا خستبووه‌ ڕوو.

هاوکات ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا، دووپاتی کردەوە، شانسێکی زۆر باش هەیە، لەم هەفتەیە ئەو دوو وڵاتە ڕێک بکەون.

هەر ئەمڕۆ دووشەممە 21ـی نیسانی 2025, ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا لە بارەی پێشنیازەکەی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانە مەدەنییەکان ڕایگەیاندبوو، هەڵسەنگاندن بۆ پێشنیازەکە و دەرئەنجامەکانی دەکەن، دواتر وەڵامێکی گونجاو دەدەنەوە.

هەروەها ئاماژەشی دابوو، ڕووسیا بە ئەرێنییەوە پێشوازیی لە هەر هەنگاوێکی ئاشتییانە دەکات, بەو مەرجەی ئۆکرانیا پابەند بێت.