پزیشکیان لەبارەی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا: نە گەشبین و نە ڕەشبینین
سەرۆکی ئێران لەبارەی دانوستانەکەیان لەگەڵ ئەمەریکا ڕایگەیاند، نە گەشبین و نە ڕەشبینن، بەڵام لەسەر بنەمای پاراستی بەرژەوەندییەکانییان، ئامادەنە لەگەڵ ئەمەریکا ڕێکبکەون.
دووشەممە 21ـی نیسانی 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند: لە چوارچێوەی پاراستی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەمان، ئامادەین لەگەڵ ئەمەریکا ڕێک بکەوین.
لەبارەی دانووستانەکەیان لەگەڵ ئەمەریکا گوتی: نە گەشبینین، نە ڕەشبینیشین؛ ئەگەر ئەمەریکا لە سەر بنەمای یەکسانی دانوستان نەکات، ئەوە ئێمە لە سەر ڕێگای خۆمان بەردەوام دەبین.
جەختیشیکردەوە نایانەوێت لەگەڵ هیچ لایەنێك بکەونە کێشەوە، بەڵام ستەمکاری و دەستدرێژی لە کەس قبووڵ ناکەین.
سەرۆکی ئێران سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا و گوتیشی: دوژمنان هەوڵیاندا بە تیرۆرکردنی کەسانی زانستی و کولتووری و ئەکادیمییەکان زیان بە گەلەکەمان و سامانەکەمان بگەینن.
هاوکات هەر ئەمڕۆ دووشەممە 21ـی نیسانی 2025, دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە بارەی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئێران ڕایگەیاندبوو، کۆبوونەوەیهکی زۆر باشمان لەگەڵ ئێراندا هەبوو.
شەممە، 19ـی نیسانی 2025، شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عراقچی لەگەڵ شاندی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ وتیکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ، بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەنێو باڵێۆزخانەی عوممان لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا گەڕی دووەمی دانوستانیان ئەنجام دا.