ترەمپ پشتگیری لە وەزیری بەرگری ده‌كات

دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دزه‌پێکردنی چەند زانیارییەکی نهێنیی سەربازیی لەلایەن وەزیری بەرگری ئەمەریکاوە، سەرۆکی ئەو وڵاتە پشتیوانیی لە وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی دەکات و دەنگۆکان ڕەت دەکاتەوە. 

دووشەممە 21ـی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە بارەی تێوەگلانی پیت هیگس، وەزیری بەرگری وڵاتەکەی لە دۆسیەی گەندەلەی گوتی: وەزیری بەرگری کاری زۆر باش دەکات، هەموو ئەوەی بڵاو کراوتەوە، هەواڵی ساختەیە.

هاوکات پیت هیگس، وەزیری ئەمەریکا لەم بارەوە ڕایگەیاند، ئەوە کاری مێدیایە کە سەرچاوەی نەناسراو یانی بەرپرسانی پێشوو بۆ هەواڵی ساختە بەکار دەهێنێت و کەسایەتیی مرۆڤەکان لەکەدار دەكه‌ن.

هەر لەم بارەوە کەناڵی NPRـی ئەمەریکی، ئەمڕۆ بڵاوی کردەوە، کۆشکی سپی بە دوای کەسێکدا دەگەڕێت بۆ جێگرەوەی وەزیری بەرگری ئەمەریکا، بەڵام هەر زوو کۆشکی سپی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئەو هەواڵەی ڕەت کردەوە.

جیم مەکگۆڤەرن، نوێنەری دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا گوتی: پیت هێگسێت، دووجار پلانی نهێنیی سەربازیی بڵاو کردەووتەوە، هەم لە ڕێگەی چاتەوە، هاوکات پلانەکانی بە هاوڕێ و و خێزانەکەی گوتووە. هەر بۆیە پێویستە وەزیری بەرگری دەست لە کار بکێشێتەوە یان لە کارەکەی دوور بخرێتەوە.

هەروەها ئەمڕۆ ڕۆژنامەی 'پۆلیتیکۆ' ڕاپۆرتێکی بڵاو کردبووەوه‌، جۆن ئیلییۆت، گوتەبێژی پێشووی پێنتاگۆن کە لە مانگی ئاداردا لە کارەکەی دوور خرایەوە، ڕایگەیاندووە، لە مانگی ڕابردووەوە ئاژاوەیەکی گەورە کەوتووەتە ناو وەزارەتی بەرگری، لەوانە دزەپێکردنی زانیارییەکان و دەرکردنی کارمەندانی بەکۆمەڵ.

ئیلییۆت گوتیشی: بەهۆی ڕوودانی ئەم ئاژاوانە، ئەستەمە وەزیری بەرگریی ئێستا بۆ ماوەیەکی زۆر لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویان کردبووەوه‌، هێگسێت لە ڕێگەی بەرنامەیەکی چاتی چەند زانیارییەکی نهێنی لەبارەی هێرشکردنە سەر حووسیەکانی یەمەن بە چەند کەسێکی نزیکه‌ خۆیدا بوو کە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیان بە بابەتەوەکەوە نییە.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، لە ماوەی ڕابردوودا، مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا بە هەڵە ڕۆژنامەنووسێکی خستبووە نیو گڕووپ چاتێک، کە تێیدا دواتر، پیت هیگس، وەزیری بەرگری ئەمەریکا چەند زانیارییەکی نهێنی لەبارەی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر حووسییەکان ئاشکرا کردبوو.