ئەنەکەسە: 26ـی ئەم مانگە کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کوردی بەڕێوە دەچێت
26ـی ئەم مانگە کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کوردی لە ڕۆژئاوای کورستان بەڕێوە دەچێت. ئەنەکەسەش سوپاسی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی دەکات.
سێشەممە، 22-04-2025، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە ڕاگەیەنراوێکدا ئــــەوەی خــســتە ڕوو "ڕێککەوتن کراوە لەسەر بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کوردی، لە شەممەی داهاتوو، 26-04-2025."
ئەنەکەسە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکەی بە "هەنگاوێکی گرنگ و دەستکەوتێکی سیاسی کە ڕەنگدانەوەی خواستەکانی گەلی کوردمانە لە سووریا" ناو بردووە.
لە ڕاگەیەنراوکەدا هاتووە "ئەم دەستکەوتە، لە ئەنجامی دەربڕینی ئیرادەی گەلی کورد و هەوڵە ماندوونەناسەکانی تێکۆشەرە دڵسۆزەکانی و بە پشتیوانیی بەخشندەی برایان و دۆستان بە تایبەتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و جەنەراڵی برا مەزڵووم عەبدی هاتە ئاراوە."
ئەنەکەسە هیواش دەخوازێت "ئەم کۆنفرانسە ببێتە خاڵی وەرچەرخان بەرەو قۆناغێکی نوێی هاوکاریی بنیاتنەر لە نێوان پارتەکانی بزووتنەوەی سیاسی کورد و بەهێزکردنی متمانە لەگەڵ جەماوەر و کردنەوەی ئاسۆی فراوانتر بۆ پەیوەندییە نیشتمانییە پتەوەکان لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا."
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا دووپاتی کردووەتەوە "یەکگرتوویی و یەکهەڵوێستی کورد پێویستییەکی بەپەلەی نەتەوەیییە و هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ گەیشتن بە هاوبەشی ڕاستەقینە لە داڕشتنی داهاتووی سووریایەکی دیموکرات و گشتگیر کە هەموو پێکهاتە و نەتەوەکان لەخۆ بگرێت."
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، کۆنفرانسی نیشتمانیی کوردی لە شاری قامشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوە دەچێت و 300 ئەندامی دەبێت. لە کۆی گشتیی ئەندامەکان، 130 ئەندامی ئەنەکەسە، 130 ئەندامی پەیەدە و 40ـی دیکەش میوان دەبن. میوانەکانیش 20ـیان لە ئەنەکەسە و 20ـی دیکەشیان لە پەیەدە دەبن.
کوردستان24 زانیویەتی لە کۆنفرانسەکە هیچ لیژنەیەک پێک ناهێنرێت، بەڵکوو تەنها کاری ڕێکخەرانی ئامادەکرنی ڕەشنووسێک دەبێت بۆ دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا کە نوێنەرایەتی هەڵوێست و داخوازییەکانی هەموو پارتە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بکات.