گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ: کاریگەریی کەمبارانی لەسەر هەولێر و دهۆک هەبووە
سەرجەم وەزارەتەکان پلان و پێشنیازی خۆیان لە بارەی وشکەساڵی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ئامادە بکەن

هێشتا وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیاری کۆتایی لەسەر ڕاگەیاندنی وشکەساڵی نەداوە، بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت: مانگی داهاتوو دەبێت سەرجەم وەزارەتەکان، پلان و پێشنیازیان لەبارەی وشکە ساڵی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ئامادە بکەن.
سێشەممە، 22ـی نیسانی 2025، هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24، ڕایگەیاند "ئەمساڵ، مەترسیی وشکە ساڵی بێکاریگەری نابێت. ئێمە بارانمان بۆ گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەکان، بۆ بوژاندنەوەی ئاوی ژێر زەوی، ژینگە، بەربوومی دانەوێڵە و تەندروستیش پێویستە، چونکە کەمبارانی تەنیا پەیوەست بە کشتوکاڵی دێمی نییە."
ئەو گوتەبێژە دەڵێت: وشکە ساڵی لە وەرزی هاویندا کاریگەرییەکانی توندتر دەبن، بە تایبەت لەسەر کشتوکاڵ و ئاو؛ بەڵام کاریگەرییەکان لە مانگی حوزەیران و تەممووزدا بە تەواوی دەردەکەون، چونکە کە وەرزی باران کۆتایی دێت؛ تیشکی خۆر بەهێزتر و کاریگەرتر دەبێت، هەربۆیە بە هەڵمبوون و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما زیاد دەبێت. بەمەش گۆڕانکارییەکان زۆرتر دەبن لەسەر کێڵگە پەلەوەرییەکان، لەوەڕگاکان، ئاژەڵدارەکان و لەوەڕگای سروشتیی کەم دەبێتەوە.
هەروەها هۆشداری لە بەردەوامی مەترسی و کاریگەرییەکانی کەمبارانی دا و دەڵێت: بە گشتیی عێراق لەبەردەم شەپۆلێکی خێرای گۆڕانی کەشوهەوادایە.
سەبارەت بە زۆرترین ناوچەو شار کە کاریگەریی کەمبارانی لەسەر بووبێت، گوتەبێژەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: کاریگەرییەکان لە سەر سنووری هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک هەبووە.
دەشڵێت: وەزارەتی کشتوکاڵ بەردەوام پلانی هەیە و لە هەنگاوی یەکەمدا پێداچوونەوە بە ستراتیجی درێژخایەنی چۆنییەتی ئیدارەدانی ئاو و خاک دەکرێت، لەگەڵ کۆکردنەوەی زانیاریی پێویست بە ئاو، لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ماوەی ئەم مانگەدا.
ئاماژەشی دا، وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو بەهەماهەنگیی لەگەڵ حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەی ژمارەی بەنداو و پۆندەکان زیاد بکرێن و لەگەڵ ئەمەشدا، ڕووبەری سەوزایی و ئەو بەربوومە کشتوکاڵییانەی کە بەرگەی گۆڕانەکانی کەشوهەوا دەگرن، زیاد بکرێن.
ئەو گوتەبێژە ئاماژەی بەوەش دا، لە مانگی داهاتوودا، دەبێت سەرجەم وەزارەتەکان، پلان و پێشنیازیان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ئامادە بکەن، بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی و ئامادەکردنی پلانی ئەنجوومەنی باڵای ئاو لە هەرێمی کوردستان.