بە تەمەنترین قوتابی بڕوانامەی زانكۆی بەدەستھێنا
"دایکم بۆ خواردنی نانی بەیانی پارەی دەدامێ، هەندێک جار دەچووم دەمدا بە کتێب"
K24 - نووسینگەی ئەوروپا
جوزێپپێ پاتێرنۆ بە تەمەنترین قوتابی لە مێژووی ئیتالیا و لە تەمەنی 96 ساڵیدا بڕوانامەی زانكۆی بە دەستھێنا.
هەموو تەمەنی بۆ کارکردن و دابینکردنی بژێوی ژیان تەرخانکرد، لە ساڵانی خانەنشینیدا کەوتە دوورینەوەی ئاوات و خەونەکانی و لە زانکۆی پالێرمۆ و لەتەمەنی 96 ساڵیدا بەکالۆریۆسی بە بەرزترین پلەی نایاب لە مێژوو و فەلسەفەدا بەدەستهێنا.
ئەو دەڵێت: کاتێک دایکم بۆ خواردنی نانی بەیانی پارەی دەدامێ، هەندێک جار دەچووم دەمدا بە کتێب، خەونێک دەکاتە راستی و دەبێتە نموونەیەک بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێت بە هەر نرخێک بووە بگەنە ئاواتەکانیان.

جوزێپپێ پاتێرنۆ، لە 10ی ئەیلولی ساڵی 1923 لە شاری پالێرمۆی ئیتالیا لەدایک بووە، زۆربەی بەسەرهاتە مێژوییەکانی سەردەمی فاشی، جەنگ، سەربەستی و ئازادی، هەنگاوەکانی دوای شەڕ و دووبارە بنیاتنانەوەی وڵات و پێکهێنانی ژیانی دیموكراسی و دەستکردنەوە بەژیانی بینیوە. ئەو لەخێزانێکی زۆر هەژار بووە، هەموو ژیانی کاری لە پێشینە و بیرکردنەوە لە کارکردن بووە و لەتەمەنی 7 ساڵیەوە دەستی بە کارکردن کردووە لەگەڵ باوکی.
جوزێپپێ، دوو منداڵ و چوار نەوەی هەیە، ، بۆ هاریکاری خێزانە هەژارەکەیان. زۆربەی ژیانی لەناو کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی ئیتالیا بەسەربردووە، لە تەمەنی 31 ساڵیدا بەهەر زەحمەتیەک بێت پەیمانگای ئەندازەی پێوانەیی (مساحە)ی تەواوکردووە.

جوزێپپێ ژیانی خانەنشینی بۆ خوێندنەوە و هێنانە دی ئاواتەکەی تەرزخانکرد، ساڵی 2017 لە تەمەنی 94 ساڵیدا لە زانکۆی پالێرمۆ خۆی ناونووسکرد و هەموو تاقیکردنەوەکانی بە 30/30 تەواوکرد و توانی لەسەردەمی کۆرۆناشدا بە ئۆنلاین هەموو قۆناغەکانی تری تێزیەکەی تەواوبکات و لەشاری پالێرمۆ لە تەمەنی 96 ساڵ و دە مانگدا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەدەستهێنا.
جوزێپپێ پاتێرنۆ، لەدوای مەراسیمی وەرگرتنی بڕوانامەکەی بڕیاریدا بەردەوام بێت تا وەرگرتنی دکتۆرا.
