بەشێکی داهاتی نانەوتی خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ و لیستی مووچەی مانگی چواریش ڕادەست کرا.                                                                                  

وەزارەتی دارایی و ئابووریی بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، 22-04-2025، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئاداری ئەمساڵ، کە بڕەکەی 48 ملیار و 205 ملیۆن و 765 هەزار دینارە، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.  

وەزارەتی دارایی و ئابووریی لە ڕاگەیەنراوێکی دیکەدا ئەوەی خستووەتە ڕوو، هەر ئەمڕۆ سێشەممە، 22-04-2025، لیستی مووچەی مانگی نیسان(چوار)ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کرا. 

وەزارەتی دارایی و ئابووریی باسی لەوەش کردووە، ڕادەستکردنی لیستی مووچە لە کاتێکدایە، ڕۆژی یەکشەممە، 20-04-2025، ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئادار (میزان المراجعة) و ڕاپۆرتی کۆتایی ساڵی 2024( الحسابات الختامیة ) لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە بۆ فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ نێردراوە.