مەسرور بارزانی بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی: ڕۆڵی خۆتان لە پشتیوانیی سیستەمی فیدراڵیی عێراق و کوردستان بگێڕن
سێشەممە، 22-04-2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە محەمەد ئەلیەماحی، سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی کرد .
شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش ئامادەی دیدارەکە بوو. حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتە ڕوو "سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەولێر و هەرێمی کرد."
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی "کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکی و ئامانجەکانی سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان خستە ڕوو و خواستی برەودان بە هاریکاری و هاوئاهەنگیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان نیشان دا."
وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە سەرۆکی حکوومەت جەختی لە "گرنگیی پەرەپێدانیی هاریکاری و کاری هاوبەش لەگەڵ پەرلەمانی عەرەبی کردەوە و داوای لێ کردن، ڕۆڵی خۆیان لە ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان و پشتیوانیکردنی سیستەمی فیدراڵی عێراق و هەرێمی کوردستان بگێڕن."
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەش کردووە، ئامادەکارییەکانی بەستنی لووتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی بوو.