لیستی مووچەی مانگی چوار ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا
تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، لیستی مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـی ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراق کرد.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، 22-04-2025، لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کرا.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی باسی لەوەش کردووە، ڕادەستکردنی لیستی مووچە لە کاتێکدایە، ڕۆژی یەکشەممە، 20-04-2025، ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئادار (میزان المراجعة) و ڕاپۆرتی کۆتایی ساڵی 2024( الحسابات الختامیة ) لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە بۆ فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ نێردراوە.
هەر ئەمڕۆ سێشەممە، 22-04-2025، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئاداری ئەمساڵ، کە بڕەکەی 48 ملیار و 205 ملیۆن و 765 هەزار دینارە، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.