"ئەمەریكا دەستی بەسەر ملیۆنان دۆلاری عێراق گرتووە"
بەھۆی گرێبەستی نایاساییەوە ملیۆنان دۆلار لە عێراق دیارنەماوە
K24 - ھەولێر
ئەمەریكا بەھۆكاری بەشێك لە گەندەڵییەكانی عێراق تۆمەتبار دەكرێت. بەگوێرەی راپۆرتێكی نیویۆرك تایمز، ئەو وڵاتە دەستی بەسەر ملیۆنان دۆلاری عێراق لە پارهی ههناردهكردنی نەوتدا گرتووە. ئاماژەی بەوەشداوە ناتوانرێت خەملاندن بۆ ئەو زیانانە بكرێت كە لە پارە ھەدەردراوەكانی عێراقدا تۆماكراوە، چونكە گرێبەستەكان بەشێوەی نا یاسایی ئەنجامدراون و ئەنجامی سەرجەم پرۆسەكانی گەندەڵی چەندین ساڵی عێراق، نەك تەنیا ئابوورییەكەی، بەڵكو دانیشتوانەكەیشی زەرەرمەند كردووە.
نیویۆرك تایمز، باسی لەوەكردووە، پرۆسەكانی گەندەڵی لە عێراق ھەر لە بنەڕەتەوە لە ئەستۆی ئەمەریكا بووە و لە رێگەی سندووقی یەدەگی فیدراڵیەوە دەستی بەسەر ملیۆنان دۆلاری پارهی ههرناردهكردنی نەوتی عێراق داگرتووه .
لە راپۆرتەكەدا ھاتووە "چەندین ساڵە پرۆسەكانی دیار نەمانی پارە لە بانكەكانی عێراق، دزینی پارە لە مووچەی حكوومیی دا، چاوپۆشی لە خاڵەكانی پشكنین ئەنجامدەدرێت، ئەمەریكاش بەشێوەیەكی بەرچاو دەستی لەو پرۆسانەدا ھەبووە، ئەمەریكا نەك تەنیا لە داگیركردنی عێراق و داڕمانی ژێرخانی ئابوورییەكەی، بەڵكو بەشێكی گەورەشە لەو گەندەڵییەی كە لەنێوان بەرپرسانی ئەمەریكا و هاوپهیمانه عێراقییەكاندا ھەبووە".
ھەروەھا ئاماژەیداوە "بانكی یەدەگی فیدراڵ لە نیویۆرك ، ساڵانە بڕی 10 ملیار دۆلار بە دراوی قورس لە فرۆشتنی نەوتی وڵاتەكە دەداتەوه عێراق، بڕێكی زۆری ئەو پارەیەش رەوانەی ئەو بانكە بازرگانییانە كراوە، كە لە پرۆسەی سپیكردنەوەی پارە لە عێراقدا بەشداربوون."
بهگوێرهی راپۆرتهكهی نیویۆرك تایمز، ئەستەمە بتوانرێت خەملاندن بۆ تەواوی زیانەكان بكرێت، لەو پارەیەی كە لە عێراق بهههدهر دراوه، چونكە گرێبەستەكان بەشێوەی نەختینە ئەنجامدراوە و زۆربەی كات ئامارەكانی حكومەت باوەڕ پێكراو نیین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زانیارییەكان ئاماژەن بەوەی، كە رەنگە عێراق زیاتر لە ھەر وڵاتێكی دیكە، سامانی نیشتمانی بە شێوەیەكی نا شەرعی لە دەرەوە خەرجكردووە.
بە وتهی كەسایهتییهكی پله باڵای دەوڵەت كە پێشووتر لە دەسەڵاتی عێراقدا بووە و نەیویستووە ناوی لە راپۆرتەكەدا ئاشكرا بكرێت، 125 بۆ 150 ملیار دۆلار، كە عێراقییەكان لە دەرەوە خاوەندارێتی دەكەن، بەشێكی زۆری بە نایاسایی دەستی بەسەردا گیراوە، خەملاندنەكانی دیكەش دەگاتە 300 ملیار دۆلار و تەنیا له لهندهن به نزیكهیی 10 ملیار دۆلار له پارهی عێراق وهبهرهێنان له خانووبهرهداكراوه، جیا لهو گڕبهستانهی له كهرتی تهندروستی و بازرگانیدا ئهنجامدراون، باجی ههموو گهندهڵییهكانیش خهڵكی عێراق دهیبژێرن.