کۆنفرانسێکی زانستیی نێودەوڵەتی لەبارەی ئێزدییەکان لە دهۆک بەڕێوە دەچێت

بە چاودێریی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسێکی زانستیی نێودەوڵەتی لەبارەی ئێزدییەکان، ئایین، کولتوور، مێژوو و جوگرافیا، لە زانکۆی دهۆک بەڕێوە دەچێت.
ڕۆژانی 29 و 30ـی نیسانی 2025، بە چاودێری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە هەمانگیی بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش و زانکۆی دهۆک، کۆنفرانسێکی زانستیی نێودەوڵەتی لەبارەی ئێزدییەکان، ئایین، کولتوور، مێژوو و جوگرافیا، لە هۆڵی کۆنفرانسی زانکۆکە بەڕێوە دەچێت.
لای خۆیەوە سەعید جەردۆ، سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش لە دهۆک، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕایگەیاند: "ژمارەیەک لە توێژەران لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و وڵاتانی بیانی، بەشداریی لە کۆنفرانسەکەدا دەکەن و باس لە ئایین، مێژوو، جۆگرافیا و دابونەریتی ئێزدییەکان دەکەن."
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، هەمیشە گرنگی بە ئێزدیەکان داوە و مانگانە مینحەی بۆ دابین کردوون، هەروەها سێ هەزار و 150 ئافرەتی ڕزگاربووی دەستی داعش مانگانە مووچە وەردەگرن.
هەروەها سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە ڕۆژی سێشەممە 15ـی نیسانی 2025، بە بۆنەی سەری ساڵی ئێزدییان، لە پەیامێکدا وێڕای پیرۆزباییکردن لە ئێزدییەکان، پشتیوانیی خۆی بۆ ماف و داواکارییەکانیشیان دووپات کردەوە.
لە پەیامەکەی سەرۆک وەزیراندا ئاماژە بەوەش کرابوو، لە هەوڵ و کۆششەکانمان بەردەوام دەبین تاوەکوو ڕەوشی شنگال ئاسایی بێتەوە، بۆ ئەوەی ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.
