پوتن لە پێناو هەڕێمی کریمیا سازش لەسەر چوار هەڕێمی دیکەی ئۆکرانیا دەکات

بە گوێرەی ڕۆژنامەیەکی ئەمەریکی، سەرۆکی ڕووسیا داوای لە ئەمەریکا کردووە، هەرێمی کریمیا وەکوو هەرێمێکی سەر بە ڕووسیا بناسێنن، لە بەرانبەردا سوپای مۆسکۆ لە چوار هەرێمی دیکەی ئۆکرانیا پاشەکشە دەکات.

ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز بڵاوی کردووەتەوە، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا لە کاتی سەردانەکەی پێشووی ستیڤ ویتکۆف بۆ مۆسکۆ، داواکارییەکانی ڕووسیای بۆ ڕاگرتنی جەنگی سێ ساڵەی ئۆکرانیا بە ئیدارەی ئەمەریکا ڕاگەیاندووە.

بە گوێرەی ڕۆژنامەکە، سەرۆکی ڕووسیا بە نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەلاتی ناوەراست ڕاگەیاندووە، ڕووسیا ئامادەیە پاشەکشە لە هەرێمەکانی دۆنێتسک، لوهانسک، خێرسۆن و زاپۆریژیا بکات، بەو مەرجەی ئەمەریکا هەرێمی کریمیا وەکوو هەریمێکی ڕووسیا بناسێنێت و بەهیچ شێوەیەکیش ڕێگە نەدات ئۆکرانیا ببێتە ئەندامی ناتۆ.

لای خۆشیەوە، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا وەڵامی سەرۆکی ڕووسیای دایەوە و ڕایگەیاند، یەکێتیی ئەورووپا بەهیچ شێوەییەک هەرێمی کریمیا وەکوو هەرێمێکی سەر بە ڕووسیا ناناسێنێت. گوتیشی: کریمیا بەشێکە لە ئۆکرانیا.

هاوکات، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا (کرێملن) لە بارەی ڕێککەوتنی ئۆکرانیاوە گوتی: دانوستانەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا لە بارەی ئۆکرانیاوە کاتی زیاتری پێویستە لەوەی پێشبینی دەکرێت.

هەروەها بە ئامادە بوونی، ئەمەریکا، فەرەنسا، بەریتانیا و ژمارەیەک وڵاتانی دیکە، بڕیارە ئەمڕۆ لە لەندەن دانوستانەکان لەبارەی کۆتاییهێنان جەنگی سێ ساڵەی ئۆکرانیا بەڕێوەبچێت.