ئانۆ جەوهەر: پێشمەرگە بۆ پاراستنی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان شەڕی داعشی کرد

ئانۆ جەوهەر
ئانۆ جەوهەر

ئانۆ جەوهەر ئاماژە بەوە دەدات، هێزەکانی پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی، بۆ پاراستنی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان شەڕی داعشی کرد و سەدان قوربانی دا. 

کاتژمێر 8:00ـیی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 23-04-2025، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵا و سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و جیهان و پەرلەمانتارانی وڵاتان و نوێنەرانی حکوومەتەکان لە ئەمەریکا، ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ژێر دروشمی ( بەرەو یەکبوون لە باوەڕدا)، ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان دەستی پێ کرد.

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە پێکهاتەی کریستییانە، لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا "ئەم ڕێوڕەسمە پیرۆزە لە کاتێکدا لە هەرێمی کورستان بەبێ ترس بەڕێوە دەچێت کە جیهان لە ئاڵنگاری و ئاڵۆزی و مەترسی گەورەدایە. هەڵبەتە ئەم ڕێورەسمە دەرخەری پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە و ئایینەکانی جیاوازی هەرێمی کوردستانە و شانازییە کە باوەڕدارانی هەموو ئایینزاکان، بەبێ ترس، خوا پەرستی دەکەن."

ئانۆ جەوهەر لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا باسی لە شەڕی دژی داعش کرد و گوتی: "لە سەردەمی شەڕی داعش، سەرۆک بارزانی جەختی لە هەڵوێستی جێگریی خۆی لەبارەی پێکەوەژیانی ئاشتیی نێوان پێکهاتە و ئایینەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی، یان پێکەوە دەژین یانیش پێکەوە دەمرین. ئەمە تەنها گوتەیەک نەبوو، بەڵکوو پەیمانێک بوو، بۆ هاوسۆزی و قوربانیدان، بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوو."

وەزیری گواستنەوە و گەیاندن باسی لەوەش کرد "سەرۆک بارزانی بە سەرکردایەتییەکی حەکیمانە سەرپەرشتیی شەڕی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە دژی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش کرد بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، موسوڵمان، کریستییان، ئێزدی و پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکە. بەداخەوە لە ئەنجامی ئەو شەڕەدان، سەدان پێشمەرگە شەهید بوون و سەدانی دیکەش بریندار بوون. هیچ شتێک لەوە پیرۆزتر نییە لەپێناو خاکەکەت خۆت بکەیە قوربانی."

بە گوتەی وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان "پەیوەندی و دۆستایەتیی کورد و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان پەیوەندییەکی قوڵی دیرۆکی و ھاوبەشی نیشتیمانی بووە، وێڕای جیاوازی لە ئایین و زمان و کولتوور، بەڵام ھەموویان لە ژێر سێبەری نیشتماندا برا و ھاوخەبات بوونە و لە کۆی بارودۆخە خۆش و ناخۆشەکاندا دەستبار و تەواوکەری یەکتر بوونە."