سەرۆک وەزیرانی پێشووی سلۆڤاکیا: پیشانی دەدەین مرۆڤەکان بە بیر و باوەڕی جیاواز لە جیهانێکدا دەژین
سەرۆک وەزیرانی پێشووی سلۆڤاکیا و دەستەی بۆردی ڕاوێژکاری ڕێوڕسمی ڕۆژی نزای نیشتیمانی گوتی: دەمانەوێت پیشانی جیهان بدەین، کە مرۆڤەکان بە بیر و باوەڕی جیاواز لە جیهانێکدا دەژین، بۆیە داواتان لێ دەکەم لەم ڕێورسمەدا دڵەکانتان بکەنەوە و لە سەر ئاستی مرۆڤایەتی و خوا پەرستی ئەزموون لەو چالاکییە وەگرن.
ئێدوارد هیگەر، سەرۆک وەزیرانی پێشووی سلۆڤاکیا و دەستەی بۆردی ڕاوێژکاری ڕێوڕسمی ڕۆژی نزای نیشتیمانی ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی نیسانی 2025، لە گوتارەکەیدا لە ساتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە ڕایگەیاند، لێرە هەموومان بە یەگرتوویی لە ئایینە جیاوازەکان کۆبووینەتەوە، دەمانەوێت پیشانی جیهانی بدەین کە مرۆڤەکان بە بیر و باوەڕی جیاواز لە جیهانێکدا دەژین.
هیگەر گوتیشی؛ ئەو بەهایانەی ئەمڕۆ جیهان پێویستییەتی بریتییە لە بەهای ڕێزگرتن، ئاشتی، هاریکاریی هەمەلایەن و خۆشەویستییە، بۆیە دەمەوێت بەخێرهاتنتان بکەم بۆ ئەم بۆنەیە، چونکە هەموو ئەو بەهایانە لە خۆ دەگرێت.
هەروەها ئاماژەیدا، ئێرە ژووری سەرکردە مەزنەکانە، زۆر گرنگە لەم دۆخە بە مەبەستی ڕێز و ئاشتەوایی کۆببینەوە، بۆیە داواتان لێدەکەم لەم ڕێورسمەدا دڵەکانتان بکەنەوە و لە ئاستی مرۆڤایەتی و خواپەرستی ئەزموون لەو چالاکییە وەگرن.
سەرۆک وەزیرانی پێشووی سلۆڤاکیا باسی لەوەش کرد، سوپاسی کورد دەکات بۆ ئەو هاوڕێیەتیەی دەیبەخشن، گوتیشی: ئێوە هاوڕێی ئێمەن و ئێمەش هاوڕێیەتیتان پێ دەبەخشین.
کاتژمێر 8:00ـیی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 23-04-2025، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵا و سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و جیهان و پەرلەمانتارانی وڵاتان و نوێنەرانی حکوومەتەکان لە ئەمەریکا، ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ژێر دروشمی ( بەرەو یەکبوون لە باوەڕدا)، ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان دەستی پێ کرد.