عەبدوڵڵا وەیسی: ئەو پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە تاکە نموونەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان
لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی نزای نیشتیمانی کوردستان، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان گوتارێکی پیشکەش کرد و گوتی: ئەرکە هەموومان کار بۆ پێکەوەژیان لەهەرێمی کوردستان و جیهان بکەین.
مامۆستا عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان، گوتی: پیویستە ئەمڕۆ نزا بکەین خوای گەورە کوردستانمان بپارێزێت، هەروەها ئەرکە هەموومان کار بۆ پێکەوەژیان لەهەرێمی کوردستان و جیهان بکەین، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو پێکەوەژیانەی هەیە تاکە نموونەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان. چونکە ئەوەی کورد نیشانی جیهانی دا لە پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردن و ئاشتی لە هیچ شوێنێک ڕووینەداوە.
ڕاشیگەیاند، لە مێژووی موسڵمانان و ناوچەکەدا هیچ حاڵەتێکی تۆمارکراومان نییە، دەرگای مزگەوتەکان لەسەر حەوانەوەی ناموسڵمانەکان دابخرێت، ئەو کاتەی ئێزیدیی و مەسیحییەکان لە دەستی داعشەکان هەڵاتن و ڕایانکردە هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک لە مزگەوتەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەکانی سەربەخۆی زاخۆ و سۆران داخران تاوەکوو ببێتە شوێنی حەوانەی ئەوان، کە لەمێژوودا ئەوە نەبووە، تەنیا لە کوردستان ڕوویداوە.
مامۆستا عەبدوڵڵا وەیسی، باسی لەوەش کرد، لە زۆر وڵاتان، پێکەوەژیان تەنیا دروشمە، بەڵام لە کوردستان ڕاستییە و کردارە، ئەو کاتەی لە 2012 مەسیحییەکان ناوەڕاست و باشووری عێراقییان جێهێشت و ڕوویان لە کوردستان کرد، ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئاینی ڕێپێوانیان بۆ بەردەم بارەگای 'یو ئێن' کرد بۆ داواکردنی مافی مەسیحییەکان.
سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان جەختیشی کردەوە، هەر پشتیوانی مامۆستایانی ئاینی و پەیامی ئیسلام بوو، وایکرد پێشمەرگە خۆیان لە پێناو بایەخدانی پێکەوەژیان بەخت بکەن، هەمووشی ڕۆلی کاریگەریی شێخانی بارزانی بووە هەر لە شێخ عەبدولسەلامی بارزان و شێخ ئەحمەدی بارزان و مەلا مستەفای بارزانی تاوەکوو سەرۆک بارزانی.
مامۆستا عەبدوڵڵا وەیسی گوتیشی: لە زۆر وڵاتان بەچاوێکی کەم سەیری پێکهاتەکان دەکرێت، بەڵام لەکوردستان بەچاوی پێکهاتە سەیریان دەکرێت، چونکە هەموومان هاونیشتیمانین و لە مرۆڤایەتی وەکوو یەکین و هەست بە ئەرک و مافی خۆمان دەکەین. ئەو کاتەی تیرۆریستانی داعش ویستیان پێکەوەژیان تێکبدەن، سەرۆک بارزانی گوتی "یان پێکەوە دەژین، یان پێکەوە دەمرین".
دەشڵێت: دوای ئەوەی داعش بێڕێزی بە ئافرەتانی ئێزیدی کرد، ئێمە وەکوو یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی دەنگی ئافرەتانی ئێزیدیمان گەیاندە ئەزهەر، ئەمەش لە پێناوی پاراستنی پێکەوەژیان بووە، مامۆستایانی ئاینی یارمەتیدەر و هاریکار و پشتیوانی پێکەوەژیانن، بەدڵیناییەوە پێکەوەژیان لە کوردستان بەرەو قۆناغی باشتر دەڕوات، هەروەها پەیامبەر (د.خ) ڕێنمایی ئێمەی کردووە و فەرمویەتی ( كلكم لآدم وآدم من تراب).
چوارشەممە، 23-04-2025، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵا و سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و جیهان و پەرلەمانتارانی وڵاتان و نوێنەرانی حکوومەتەکان لە ئەمەریکا، ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ژێر دروشمی ( بەرەو یەکبوون لە باوەڕدا)، ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان دەستی پێ کرد.