ئایدن مەعروف: گرنگە پێکهاتەکان زیاتر بەشدارییان لە کابینەی دەیەمی حکوومەتدا پێ بکرێت

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ڕایگەیاند، ئەو ڕێوڕەسمە یەکەم جارە دەربارەی ڕەوشی پێکهاتەکان بەڕێوە دەچێت، ئەمەش بایەخدانە بە پێکەوەژیانی نەتەوەکان لەکوردستان.

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو ڕێوڕەسمە یەکەم جارە دەربارەی ڕەوشی پێکهاتەکان بەڕێوە دەچێت، کە زۆر گرنگبوو، ئەمەش بایەخدانە بە پێکەوەژیانی نەتەوەکان لەکوردستان.

گوتیشی: هەولێر سیمبولی پێکەوەژیانی پێکهاتە و نەتەوەکان و ئاشتی کۆمەڵایەتییە، هەروەها ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و ئەو بەرپەرس و کەسایەتییانە، لەخۆیدا بایەخدانە بە پێکهاتەکان، من یەکەم جارە ڕێڕەسمێک دەربارەی ئاین و ئاینزاکان بەوشێوەیە ببینم.

ئایدن مەعروف دەڵێت، ئەوەی من تێبینم کرد زیاتر باسی بەهێزکردنی پێکەوەژیانی ئاین و نەتەوەکان لە هەرێمی کوردستان کرا بەتایبەتی شاری هەولێر، ئەمەش جێگای شانازیی هەموولایەکە.

باسی لەوەش کرد، لە ڕووی سیاسی، ڕۆشنبیری، کەلتوری و ئاینییەوە زۆر شت کراوە، ئێستا برایەتی و پێکەوەژیانی باش لەهەرێمی کوردستان هەیە، هەروەها گرنگە پێکهاتەکان زیاتر بەشدارییان لە کابینەی دەیەمی حکوومەت هەبێت بەتایبەتی لە دەستەی سەرۆکایەتی، وە لەکابینەی نۆیەمیش زۆر بایەخ بە ڕەوش و ماف و داوکارییەکانی پێکهاتەکان دراوە.

جەختیشی کردەوە، پێشتریش داوامان کردبوو ڕۆژێک دیاری بکرێت بۆ پێکەوەژیانی پێکهاتەکان،  بەڵام لای ئێمە هەموو ڕۆژێک ڕۆژی پێکەوەژیانە باتەیبەتی لە هەولێر.