ئەندامێکی پەرلەمانی فینلاند: لە کوردستان لووتکەی ئازادیی ئایینی هەیە

ئەندامێکی پەرلەمانی فینلاند جەخت دەکاتەوە "لە کوردستان لووتکەی ئازادیی ئایینی هەیە" و دەڵێت: دەبێت لە ڕووی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان ئایین و پێکهاتەکان، وڵاتان چاو لە کوردستان بکەن.

چوارشەممە، 23-04-2025، پیتەر ئۆستمەن، ئەندامی پەرلەمانی فینلاند و ئەندامی بۆردی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان، لە هەڤپەیڤنێکدا لەگەڵ کوردستان24، باسی لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان ئایین و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان کرد. 

کاتژمێر 8:00ـیی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 23-04-2025، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی،  سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵا و سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و جیهان و پەرلەمانتارانی وڵاتان و نوێنەرانی حکوومەتەکان لە ئەمەریکا، ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ژێر دروشمی (بەرەو یەکبوون لە باوەڕدا)، ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان دەستی پێ کرد.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی فینلاند لەبارەی ڕێوڕەسمەکە، باسی لەوە کرد "پێشوازییەکی زۆر باش لە هەموو میوانان کراوە و ئەم جۆرە کۆبوونەوانە، دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ یەکترناسین و پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان."

بە گوتەی ئۆستمەن "بەڕێوەچوونی ڕۆژی نزای نیشتمانی لە هەولێر، مانای ئەوە دەگەیەنێت کە کوردستان هەمیشە شوێنی ئازادی ئایینی بووە، بەڵام بەشێکی جیهان ئاگای لێ نییە. سەرکردەکانی ئەمەریکا، نیپاڵ، هیندستان و وڵاتانی دیکە لێرەن تا بزانن کوردستان لە دێرزەمانەوە، لە سەردەمی شێخ ئەحمەد بارزانییەوە لە ڕووی ئازادی ئاینییەوە چۆن بووە و چی کردووە بۆ پاراستنی ئەم کولتوورە."

وەکوو ئەوەی ئەو پەرلەمانتارەی فینلاند ئاماژەی پێ دا "کوردستان باشترین شوێنە بۆ پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان و لووتکەی ئازادیی ئایینی هەیە. دەبێت ئەو ئازادییەی ئێرە هەیە، لە هەموو وڵاتانی دیکەی جیهانیش دەستبەر بکرێت، چونکە لە وڵاتانی جیهان زۆر جار پەیڕەوانی ئایینە جیاوازەکان ڕووبەڕووی چەوسانەوە و کێشە دەبنەوە، بەڵام لە کوردستان ئەمە نابینین و جێگەی دەستخۆشییە."

ئۆستمەن ئەوەشی خستە ڕوو "گەلی کوردستان بە درێژایی مێژوو، لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی بەعس، ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و ڤایرۆسی کۆرۆنا، ڕووبەڕووی چەوسانەوە، جینۆساید، ئەنفال و چەندان قەیرانی جیاواز بووەتەوە، بەڵام کۆڵی نەدا، لەسەر پێی خۆی وەستایەوە و پاڵپشتیی خۆی بۆ ئازادیی ئایین دووپات کردووەتەوە."