کۆبوونەوەی زلهێزانی ئەورووپا دەربارەی ئاگربەستی ئۆکرانیا دواخرا

کۆبوونەوە چاوەڕوان کراوەکەی ئاگربەست و ئاشتی جەنگی ئۆکرانیا لە لەندەن دواخرا، بەڵام شاندی کیێڤ سوورە لەسەر گتفتوگۆ و جێگری سەرۆکی ئەمەریکاش دەڵێت: بۆ ئاگربەستی و ئاشتی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، دەبێت سازش لەسەر خاک بکەن.

ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری نووسینگەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی نیسانی 2025، بڵاوی کردووەتەوە، کۆبوونەوەی باڵا تایبەت بە دانوستانەکانی ئۆکرانیا لە لەندەن دواخرا، هەرچەندە ئاماژەی بە هۆی دواخستنی کۆبوونەوەکە نەداوە، بەڵام ئاماژەیداوە لە ئاستی مامناوەند چەند کۆبوونەوەیەک بڕیارە بەڕێوە بچن. 

دوای ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، ئاندری یەرماک، ئەندامی شاندی ئۆکرانیا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام ڕایگەیاند، لەگەڵ ڕوستێم ئومێرۆڤ، وەزیری بەرگریی و ئەندری سیبیگا، وەزیری دەرەوە وڵاتەکەی گەیشتیوونەتە لەندەن. گوتیشی: هەرچییەک ڕووبدات کار بۆ ئاشتی دەکەین.

فرانس پریس ئاشکرای کردووە، سەرەڕای دواخستنی کۆبوونەوەکە، بەڵام شاندی ئۆکرانیا لە لەندەن لەگەڵ کیس کلۆگ، نێردەی ئەمەریکا کۆ دەبنەوە. 

ئاماژەشی داوە، شاندی ئۆکرانیا کۆبوونەوەی دیکەشیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەورووپا دەبێت. 

هەر لەسەر پرسی ئاگربەست و ئاشتی جەنگی ڕووسیا – ئۆکرانیا، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ئەمڕۆ لە کاتی سەردانەکەی بۆ هندستان ڕایگەیاند، ئەگەر ئۆکرانیا و ڕووسیا بیانەوێت ڕێک بکەون، دەبێت لە بەشێک لە ناوچە و هەرێمەکانیان خۆشبن.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەشی دا، کاتی ئەوە هاتوو کێیڤ و مۆسکۆ هەنگاوی گەورە بۆ کۆتایی هێنان بەو جەنگە بنێن. گوتیشی: هەردوو وڵات جەختیان کردووەتەوە، کە خوێن ڕشتن و سنوور بەزاندن دەوەستێنن.

بریاربوو ئەمڕۆ لە لەندەن بە ئامادە بوونی، ئەمەریکا، فەرەنسا، بەریتانیا و ژمارەیەک وڵاتانی دیکە، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دانوستانەکان لەبارەی کۆتایی هێنان جەنگی سێ ساڵەی ئۆکرانیا بەڕێوە بچێت، بەڵام بە هۆکارێکی نادیار دواخرا.