حەمدی شنگالی: سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی زۆر ڕژدە لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت
"هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم هەندێک بابەتی تەکنیکی ماوە ئەویش بەرەو چارە بوونە"
جێگری سەرۆکی کۆمپانیای سۆمۆ ڕایگەیاند، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، زۆر ڕژدە لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت، هەروەها بەرەی سوودانیش هەمان دڵیان هەیە، بەڵام هەندێک بابەتی تەکنیکی ماوە ئەویش بەرەو چارەسەر بوونە
لە پەراوێزی ڕۆژی نیشتیمانی نزا لە کوردستان، حەمدی شنگالی، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای سۆمۆ، میوانی ستۆدیۆی کراوەی کوردستان24 بوو، ڕایگەیاند، ڕاستە وەک کۆنفرانس یەکەم جارە کۆنفرانسی ڕۆژی نزای نیشتیمانی لە کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام وەک بیرۆکە پێشتر هەبووە، هەروەها پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان زۆر بەهێزە و بوونی هەیە.
گوتیشی: سەرۆک بارزانی هەمیشە ڕێنمایی ئەوە بووە لەسەر ئەو ڕێگایە بڕۆین، ڕێگای پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن، ئاماژەی بەوەدا ئەوە شتێکی تازە نییە، ئێمە دەرگامان بۆ هەموو کەسێک کراوەتەوە، هەر لەساڵانی نەوەدەکان کە وشکەساڵی لە عێراق سەری هەڵدا، سەرۆک بارزانی دەرگای بەڕووی عەرەبەکاندا کردەوە کە ئاژەڵەکانیان بهێننە کوردستان، هەرچەندە بارگرانی بوو بۆ کوردستان بەڵام ئەو گوتی دەبێت هاریکارییان بکەین.
حەمدی شنگالی باسی لەوەش کرد، ئێستا ئەوانەی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوونە، ڕازی نابن بگەڕێنەوە، لەبەر ئەوەی لێرە پێکەوەژیان هەیە، هیوادارین هەمووان سەیری کوردستان بکەن و ببێتە نموونە بۆیان، ئێمە وەکوو میللەتی کورد و عەرەب یەکترمان قبوڵە، بەڵام بەرژەوەندییە سیاسییەکان هەمیشە ڕۆڵی خۆی هەیە، هەروەها بەرژەوەندییە سیاسییەکان و ئەجێندای نێودەوڵەتی کاریگەریی زۆی دەبێت لەمامەڵە کردن لەسەر بابەتەکان، بەڵام کورد هەمیشە دەستی ئاشتیی بۆ بەرانبەرەکەی درێژ کردووە.
لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت حەمدی شنگالی گوتی: سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، زۆر ڕژدە لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت، هەمیشە لەگەڵ ئێمە لەسەر هێڵە بۆ جێبەجێکردنی ئەوکارە، هەروەها بەرەی سوودانیش هەمان دڵیان هەیە، بەڵام هەندێک بابەتی تەکنیکی ماوە ئەویش بەرەو چارەسەر بوونە.
ڕوونیشی کردەوە، تاوەکوو ئێستا بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت عێراق نزیکەی 26 ملیار دۆلار زیانی کردووە، ڕاستە هەندێک خراپ تێگەیشتن هەیە لە بابەتەکە، بەڵام ئێستا گەیشتینە ئەو باوەڕەی دەبێ نەوت هەناردە بکرێتەوە، چونکە سوودی بۆ هەردوولا زۆرە، هەروەها دۆخی ئابووری خەڵک باشتر دەبێت، متمانە دەگەڕێتەوە. بەداخەوە قوتی خەڵکیان بە باتەکە بەستووەتەوە، بەڵام خەڵک وەکوو خەڵکی بەسرە و عەممارە و موسڵ هەموو شارەکانی دیکە مافی خۆیانە مووچەی خۆیان وەرگرن بەبێ کێشە.