نێچیرڤان بارزانی: هیوادارین ڕۆژی نزای نیشتمانی ببێتە دەنگی ئەوانەی باوەڕیان بە ئاشتییە
نێچیرڤان بارزانی دووپاتی دەکاتەوە کوردستان بۆ هەمیشە بە نیشتمانی فرەیی، پێکەوەژیان، یەکترقبووڵکردن، لێبووردەیی، لێکترگەیشتن و ئاشتی دەمێنێتەوە.
چوارشەممە، 23-04-2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی نزای نیشتمانی لە هەولێر، گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: "ئومێدەوارین ئەم ڕۆژە ببێتە نەریتێکی ساڵانە کە کەلتووری یەکگرتن، لێبووردەیی، یەکترقبووڵکردن و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بەهێز بکات و هاوکار و بەشدار بێت لە فراوانترکردنی پردەکانی متمانە لە نێوان کۆمەڵگەدا. هەروەها ببێتە دەنگی هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە ئاشتی هەیە، وەک هاوبەش و بەرپرسیارییەتی."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان، بە "هەنگاوێکی جددی بۆ چەسپاندنی زياترى کولتووری لێكگەیشتن و ڕێزلهيهكگرتن" ناو برد و باسی لەوە کرد "ههروهها پەیامێکه لە کوردستانەوە بۆ جیهان کە دەڵێت، فرەیی هەڕەشە نییە، بەڵکوو سەرچاوەی دەوڵەمەندییە و کۆمەڵگەکان دەتوانن بە ئارامی و شکۆوە، پێکەوە بژین کاتێک لەسەر متمانە و کرانەوە، بنیات دەنرێن."
وەکوو ئەوەی نێچیرڤان بارزانی، باسی کرد "به درێژایی ساڵان، هەرێمى كوردستان سەلماندوویەتی کە نموونەیەکی واقیعییە لە ڕێزگرتن لە فرەیی و پاراستنی ئازادییە ئایینیييەکان و دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ ههموو پێکهاتە جیاوازەکان له ههر ئايين و نهتهوهيهك بن." جەختیشی کردەوە "کوردستان بۆ هەمیشە بە نیشتمانی فرەیی، پێکەوەژیان، یەکترقبووڵکردن، لێبووردەیی، لێکترگەیشتن و ئاشتی دەمێنێتەوە."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێی وایە "بەهێزکردنی ئاشتی لە باوەڕی قووڵەوە بە بەهای مرۆڤ و به ڕێزگرتن لە شكۆى مرۆڤایەتی بەبێ جیاوازی، سهرچاوه دهگرێت. ئەم بەهایانە كاتێك تهواو جێگير دهبن كه لە سیاسەتە گشتییەکان، پەروەردە، دادپەروەری و هاوکاريی نێوان ئایین و کولتوورەکاندا، پشتگيريى هەبێت و به بڕواوه كاريان بۆ بكرێت. ئێمهش له ههرێمى كوردستان، به جددى و بێ راوهستان، كاريان بۆ دهكهين."