لە داقوق عەرەبی ھاوردە ھەوڵی دەستبەسەرداگرتنی زەوییەكانی كورد دەدەن

ھاووڵاتییانی كورد رێگری لەو ھەوڵە دەكەن

K24 - دووزخورماتوو

ئەمڕۆ ژمارەیەك عەرەبی ھاوردە براونەتە سنووری داقووق، ھەوڵدەدرێت لەسەر زەوی ھاووڵاتییانی كورد نیشتەجێیان بكەن، ھاووڵاتییانی كوردیش دژی ئەو ھەوڵە گردبوونەوە و داوا دەكەن لایەنە پەیوەندیدارەكان لەسەر ئەو زوڵمە بێنەدەنگ و تەعریبكردنی ناوچە كوردستانییەكان رابگیرێت.

سۆران كامەران، پەیامنێری كوردستان24 لە شوێنی رووداوەكە رایگەیاند، ھێزێكی زۆری سەربازیی لەگەڵ عەرەبە ھاوردەكان ھاتوونەتە سنووری حەفتەغاری سەر بە قەزای داقوق، دەیانەوێت لە گوندەكانی ئەو سنوورە دەست بەسەر زەوی ھاووڵاتییانی كورد دا بگرن.  ھاووڵاتییانی كوردیش بەرگری دەكەن و دەیانەوێت رێگری لە نیشتەجێكردنی عەرەبە ھاوردەكان بكەن، بەو ھۆیەوە گرژیی دروستبووە، ھێزە ئەمنییەكانی عێراقیش ھەوڵی بڵاوەپێكردنی ھاووڵاتییانی كورد دەدەن.

ھاووڵاتییەكی كورد بە كوردستان24ی گوت: "لە سەردەمی رژێمی بەعس ئەو عەرەبانە ھێندرابوونە سەر موڵك و ماڵی ئێمە، دوای پرۆسەی ئازادی عێراق ئێمە وەرمانگرتەوە، ئێستا جارێكی دیكە بە پلان و پاڵپشتی پارێزگاری كەركووك دەگەڕێندرێنەوە سەر زەوییەكانمان".